رووداو دیجیتاڵ
چاوەڕوان دەکرێت لە 10 رۆژی داهاتوودا دەنگدان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراقەوە. جێگری پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، هیچ فراکسیۆنێکی عێراقی بە فەرمی دژایەتی بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەرنەبڕیوە و چاوەڕانن بە زۆرینەی دەنگ پەسند بکرێت.
رۆژی چوارشەممە 19ـی تەممووزی 2023، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە کۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 18-7-2023ی سەرۆکی فراکسیۆنەکان و شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا بڕیاردرا دەنگدان بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بخرێتە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمان عێراقەوە.
سۆران عومەر گوتیشی، هەفتەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق هیچ کۆبوونەوەیەک ناکات و هەفتەی دواتری کۆبوونەوە دەستپێدەکاتەوە و دەخرێتە بەرنامەی کارەوە؛ گوتیشی، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاگادار کراوەتەوە و ئەویش لاری نەبووە بخرێتە بەرنامەی کارەوە.
موسەننا ئەمین، یەکێک لە نوێنەرانی پارێزگای هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، خوێندنەوەی یەکەم و دووەم بۆ پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کراوە و تەنیا دەنگدان ماوە بۆ ئەوەی بە فەرمی ببێتە 19ـەمین پارێزگای عێراق؛ گوتیشی، "بەهۆی خەبات و مێژووی هەڵەبجەوە پێم وانییە هیچ فراکسیۆنێک دژایەتی پڕۆژەیاساکە بکات و چاوەڕوان دەکرێت بە زۆرینەی دەنگ پەسند دەکرێت."
هاوکات شاهین رەزا، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە رۆژی چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەگەڵ فراکسیۆنە کوردستانییەکاندا پەیوەندییان هەیە و هەمووان پشتیوانی پڕۆژە یاساکەن؛ گوتیشی، "هیچ فراکسیۆنێکی عێراق بە فەرمی دژایەتی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی نەکردووە."
رۆژی 9ى تەممووزى 2023، محەممەد تەمیم، وەزیرى پلاندانانی عێراق نەخشەى کۆتایی سنوورى کارگێڕیى قەزا و ناحیەکانى پارێزگاى هەڵەبجەى پەسند کرد، ئەوەش لە چوارچێوەى رێوشوێنەکان بۆ تەواوکردنى رێکارەکانى بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە.
عەبدولزەهرە هینداوى، گوتەبێژى وەزارەتى پلاندانانى عێراق رۆژی 10-07-2023 بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "لەدواى پەسندکردنى نەخشەى کۆتایی یەکە کارگێڕییەکانى پارێزگاى هەڵەبجە، نەخشەکە رەوانەى پەرلەمانى عێراق دەکرێت بە مەبەستى تەواوکردنى رێکار و پێویستییەکان بۆ بەپارێزگابوونى هەڵەبجە و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونەکە."
پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنى هەڵەبجە كە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 13-03-2023 پەسندکرا.
پارێزگای هەڵەبجە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان. بەگوێرەی ئاماری پارێزگاری هەڵەبجە بۆ رووداو، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکە لەنێوان 126 بۆ 130 هەزار کەسدایە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ