دوو کەس لە ورمێ لە ئاودا خنکان

19-07-2025
پەیمان محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ هەینی دوو کەس لە رووبارەکانی سنووری پارێزگای ورمێ لە ئاودا خنکان. بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە دەڵێت، یەکێک لە خنکاوەکان هاونیشتمانییەکی تەمەن 14 ساڵە.
 
دوای نیوەڕۆی دوێنێ هەینی 18-07-2025 هاونیشتمانییەکی تەمەن 14 ساڵ لە نزیک گوندی شێوەمێرێی سەر بە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان لە زێی بچووکدا خنکا. 
 
فەرزین رەزازادە، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی پارێزگاکە رایگەیاند، "بەر لە دەرهێنانەوەی، مێرمنداڵەکە گیانی لەدەستدابوو؛ بۆیە هەوڵە پزیشکییەکان بۆ لە ژیاندا هێشتنەوەی نەگەیشتنە ئەنجام."
 
گوندی شێوەمێرێ شوێنێکی گەشتیارییە و لە وەرزی گەرمادا خەڵکێکی زۆر رووی تێدەکەن. بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان، ئەو مێرمنداڵەی خنکاوە خەڵکی شاری شنۆی سەر پارێزگاکەیە کە نزیکەی 55 کیلۆمەتر لە شێوەمێرێوە دوورە.
 
بە گوتەی فەرزین رەزازادە، هەر دوای نیوەڕۆی دوێنێ لە نزیک کارگەی شەکری سایین قەڵای سەر بە پارێزگاکە، کەسێکی تەمەن 35 ساڵ لەکاتی مەلەکردن لە رووباری جەخەتوودا خنکاوە.
 
بەگوێرەی راپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی فریاکەوتنی پارێزگای ورمێ، لە 21-03-2025ەوە تاوەکو 12-07-2025 لانیکەم 9 کەس لە پارێزگاکە ئاودا خنکاون.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە