رووداو دیجیتاڵ
دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر لە 75 رۆژ، سێبەرێکی قورسی بەسەر بازاڕ و بژێوی هاونیشتمانییاندا کردووە. خاوەنکارە بچووکەکان، بەتایبەت ئەو گەنجانەی کە تازە دەستیان بە کار کردووە، زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە و هەندێکیان ناچاربوون لقەکانیان دابخەن و کارمەندەکانیان کەم بکەنەوە.
ساکار ئازاد، کچێکی گەنجە کە دوای دەرچوون لە زانکۆ و دانەمەزراندنی، بە هاوکاریی خێزانەکەی دووکانێکی کۆفرۆشی ئێکسسواراتی کردووەتەوە. ئەو جگە لەم کارە، خاوەنی سێ لقیدیکەی تاکفرۆشییە، بەڵام بێبازاڕی وای لێکردووە یەکێک لە لقەکانی دابخات.
ساکار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو لقەی کە تاکە لقی کوڕانمە ئەوەندە چۆڵە، رۆژانە 2 یان 3 کڕیار دێت. تووشی زۆر کێشە دەبین بەهۆی نەبوونی مووچەوە، وەک دزیکردن. زۆرترین کێشە کە تووشمان دەبێت ئەوەیە شت دەخەنە ناو جانتاکانیان، ئیدی نازانم لە نەبوونییە یان لە بێ پارەییە، بەڵام ئەم ماوەیە زۆر زیادی کردووە."
کاریگەریی ئەم قەیرانە داراییە تەنیا دووکانەکانی ساکاری نەگرتووەتەوە. سیڤانا سامان، کە زیاتر لە شەش ساڵە خاوەنی دووکانێکی جوانکارییە، دەڵێت کە دواکەوتنی مووچە لە ماوەی دوو مانگدا نزیکەی 30٪ـی کڕیارەکانی لێ کەمکردووەتەوە.
سیڤانا بە رووداوی گوت: "بەڕاستی زەختێکی زۆرە، چونکە کرێی دووکان و کارمەند و خزمەتگوزاریت لەسەرە. ئەو شتانەی لە دووکانی من هەن، شتی پێویستیی سەرەکی نین. هەندێک کەس دێن دەڵێن پارچەیەک زێڕ یان کارتی نیشتمانی لەبری شتەکان دادەنێین تاوەکو مووچە وەردەگرین و پارەکەت دەدەینەوە."
لە کۆی 18 لقی یەکێک لەو براندانەی کە رووداو بەدواداچوونی بۆ کرد، 35 کچ و کوڕی گەنج کاریان تێدا دەکرد، بەڵام ئێستا مەترسیی کەمکردنەوەی ژمارەی کارمەندەکانیان لەسەرە.
لانە عەبدولڕەحمان، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لقەکان، باس لە دۆخی بازاڕ دەکات و دەڵێت: "کڕیار تاک تاک دێتە ژوورەوە، وەک پێشتر نییە. پێشتر لە یەک کاتدا 5 بۆ 7 کڕیار لە دووکانەکەدا بوون یان چەندین ئافرەت پێکەوە دەهاتن، بەڵام ئێستا تاک تاکە."
قەیرانی مووچە کاریگەریی لەسەر بۆنە کۆمەڵایەتییەکانیش داناوە. دواکەوتنی مووچە پرۆسەی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیشی کەمکردووەتەوە. رێژیان عومەر، خاوەن ئارایشتگەیەکە و باس لەوە دەکات کە چۆن کارەکەی پاشەکشەی کردووە.
رێژیان عومەر دەڵێت: "پێشتر رۆژانی هەینی 2 بۆ 6 بووکمان ئامادە دەکرد، کەچی لەم دوو مانگەی رابردوودا چەندین هەینی ئارایشتگەکەمان چۆڵ بووە. خەڵکەکە ئێستا نایەت، ئەوەی دێت دەڵێ 'عالەم فەقیرە، پارە و مووچە نییە'. خەڵک هەبووە هاتووە گوتوویەتی 50 هەزارم قەرز کردووە، بەو پارەیە ئیشێکی پرچم بۆ بکە. لە کۆتاییدا دەزانی ئافرەت بەبێ ئارایشتگە ناتوانێت."
ئەمە لەکاتێکدایە کە دوای زیاتر لە 75 رۆژ چاوەڕوانی، رۆژی دووشەممە 25ی ئەیلوول، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی پێنجی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات، بەڵام هێشتا دیار نییە ئاخۆ خەرجکردنی مووچەی یەک مانگ تا چەند دەتوانێت بازاڕێک بهەژێنێتەوە کە چەندین مانگە بەدەست ئەم قەیرانەوە دەناڵێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ