رووداو دیجیتاڵ
پسپۆڕێکی بازاڕە داراییەکان دەڵێ، دەرکردنی یاسا بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان لە ئەمریکا هەنگاوێکی "مێژووییە" و دەبێتەهۆی چوونی دامەزراوەی گەورە بۆ نێو بازاڕەکە، بەڵام سرووشتی ناجێگیری بیتکۆین و کێشەکانی نێوان دۆناڵد ترەمپ و بانکی ناوەندیی ئەمریکا کاریگەریی گەورەیان لەسەر بازاڕەکانی دراوە دیجیتاڵییەکان و زێڕ دەبێت.
د. ئازاد گەیلانی، پسپۆڕی بازاڕە داراییەکان بە رووداوی راگەیاند، یەکەم جارە لە مێژووی ئەمریکادا یاسایەکی لەم شێوەیە بۆ دراوە دیجیتاڵییەکان دەردەکرێت. ئەمە دەبێتەهۆی ئەوەی کە دامەزراوەی زیاتر، وەکو سندووقەکانی وەبەرهێنان بچنە نێو بازاڕەکانی دراوە دیجیتاڵییەکانەوە و ئەمنییەتیش زیاتر دەبێت.
ئەو پسپۆڕە دەڵێت: "دەبێت ستەیبڵکۆین [دراوە دیجیتاڵییە سەقامگیرەکان] لەگەڵ بیتکۆین و ئیسیریۆم جیا بکەینەوە. ستەیبڵکۆینەکان دروستبوون بۆ ئەوەی مامەڵەکان ئاسان بکەن، چونکە ناتوانرێت بیتکۆین و ئیسیریۆم راستەوخۆ بە دۆلار یان یۆرۆ مامەڵەیان پێوە بکرێت".
بە گوتەی گەیلانی، گەورەترین ستەیبڵکۆین "تیزێر"ـە. یاسا نوێیەکە چاودێریی ئەوە دەکات کە لە بەرامبەر هەر ستەیبڵکۆینێکدا دۆلارێک هەبێت، ئەمەش متمانەیەکی زیاتر بە بازاڕ دەبەخشێت.
د. ئازاد دەڵێت, "بیتکۆین داراییەکی مەزەندەییە. شۆک نابم ئەگەر بیتکۆین ببێتە یەک دۆلار و شۆکیش نابم ئەگەر بگاتە سێ ملیۆن دۆلار، لەبەر ئەوەی هیچ شتێکی بنەڕەتی نییە تاوەکو بتوانیت پێشبینیی داهاتووی بۆ بکەیت. بەڵام لە هەمووی گرنگتر، بیتکۆین و دراوە دیجیتاڵییەکان پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ بازاڕەکانی جیهاندا هەیە".
بە گوتەی د. ئازاد، ئەو ستراتیژییەی ئێستا لە وۆڵ ستریت هەیە، پێی دەڵێن "تاکۆ" کە بە واتای ئەوە دێت ترەمپ هەمیشە پاشگەز دەبێتەوە، واتە تەنیا قسە دەکات و جێبەجێی ناکات. ئەوەش وایکردووە بازاڕەکان هێشتا بەهێز بن، بەڵام بەمزووانە کاریگەریی پێناسە گومرگییەکانی ترەمپ دەردەکەوێت.
د. ئازاد دەڵێت، ئەو سێ یاسایەی لە ئەمریکا باس دەکرێن، گرنگترینیان ئەوەیە کە دیاری بکەن دراوە دیجیتاڵییەکان دەچنە چ بەشێک لە بازاڕەوە؛ ئایا دەبنە بەشێک لە بازاڕی پشکەکان یان بازاڕی کاڵاکان، وەک زێڕ و نەوت.
بە گوتەی ئەو پسپۆڕە، شەڕێکی گەورە لەسەر ئەمە لە کۆنگرێس هەیە. کاتێک ئەمە دیاری کرا، رێگەیەکی مێژوویی دروست دەکات و دەبێتەهۆی بەرزبوونەوەیەکی بەهێز لە بیتکۆین و ئیسیریۆم.
گرژیی نێوان ترەمپ و بانکی ناوەندی؛ کاریگەری لەسەر زێڕ
هەرچەندە ترەمپ دەڵێت جیرۆم پاوڵ لەکار دوورناخاتەوە، بەڵام کێشە لەنێوانیاندا هەیە. د. ئازاد دەڵێت: "ئەو گرژییە زۆر مەترسیدارە بۆ بازاڕ. ئەگەر زیاد بکات، ترس دەکەوێتە نێو بازاڕ و جووڵەیەکی زۆر بەهێز لە کڕینی زێڕدا دروست دەبێت".
ئەو پسپۆڕە باسی لەوەشکرد، بازرگانانی کوردستان پێویستە ئاگادار بن کە ئەو گرژییانە و پێناسە گومرگییەکان بە زوویی دەبنەهۆی جووڵەیەکی بەهێز بۆ زێڕ. ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا رێژەی سوود کەم بکاتەوە، دۆلار دادەبەزێت و لە بەرژەوەندیی زێڕ دەبێت.
پێشبینیی نرخەکان؛ ئیسیریۆم، زێڕ و زیو
ئەو پسپۆڕە دەڵێت، ئیسیریۆم ئێستا خۆی لەگەڵ نرخی بیتکۆین رێکدەخاتەوە. بۆیە ئەگەری هەیە تاوەکو 4500 دۆلار و تەنانەت زیاتریش بەرز بێتەوە. ئاڵتکۆینەکان، واتە دراوە جێگرەوەکانی بیتکۆینیش بە هەمان شێوە بەرز دەبنەوە.
سەبارەت بە زێڕ، د. ئازاد دەڵێت، ئەگەر گرژییەکانی نێوان ترەمپ و بانکی ناوەندی زیاد بکەن و مەترسی لەسەر بازاڕی قەواڵەی دارایی دروست بێت، باوەڕم وایە زێڕ زۆر بە ئاسانی دەگاتە 4500 دۆلار. لە بازاڕەکانی کاڵادا، ئەگەر زێڕ بەرز بێتەوە، گومانی تێدا نییە زیویش لەگەڵی بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ