رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای یەکێتی دەڵێت، بڕیارە ئەم هەفتەیە شاندی دانوستاندنکاری پارتی و یەکێتی لەبارەی پێکهێنانی حکومەت کۆببنەوە.
رۆژی شەممە، 19ـی تەممووزی 2025، بەرپرسێکی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە کۆبوونەوەی رابردوودا، یەکێتی و پارتی بڕیاریان دابوو ئەم هەفتەیە کۆببنەوە."
ئەو بەرپرسە دەڵێت، "کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێ دەبێت، دوای یەکلاییکردنەوەی بابەتی مووچە و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، بڕیارە پرسی سەرەکی پێکهێنانی کابینەی نوێ بێت."
بڕیارە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت. ئەو بەرپرسە گوتی، "هەموو هەوڵەکان چڕدەکرێنەوە، تاوەکو پێش هەڵبژاردن کابینەی نوێ پێکبهێنرێت."
دواجار کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان یەکێتی و پارتی رۆژی 14ـی تەممووز بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو.
دوای کۆبوونەوەکە، پارتی و یەکێتی لە راگەیێندراوێکی هاوبەشدا رایانگەیاند، "هەردوولا هاوڕابوون هەموو هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ چارەسەری کێشە و دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان."
رۆژی 17ـی تەممووز، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە رووداوی گوت، "ئەم هەنگاوە ئەرێنییە و دەتوانێت یارمەتیدەرێکی باش بێت بۆ زیاتر لێکنزیکبوونەوە و رێککەوتن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و دەستبەکاربوونی پەرلەمان."
سەعدی ئەحمەد پیرە لەبارەی مەرج و داواکارییەکانی یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت گوتی، "دەمانەوێ لە هەموو جومگەکانی ئەم دەسەڵاتەدا بین. نابێ برادەرانی پارتی وا بزانن کە دەبێ لەژێر ناوی بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەماندا دەسەڵات بۆ خۆیان تاپۆ بکەن. دەبێ دەسەڵات هی هەردوولا بێت."
رۆژی 16ـی تەممووزی 2025، رێواز فایەق، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەت بە رووداوی گوت، "شێوەی بەڕێوەبردنی قۆناخی داهاتوومان تەواو کردووە، نازانم پێویستە شتێک کەم یان زیاد بکەین یان نا. پەیوەندیدار بە [دابەشکردنی] پۆستەکانیش هەردوو لا خواستی خۆیان خستووەتە بەردەم یەکدی، بەڵام دەتوانم بڵێم لەوبارەیەوە لە یەکدی دوورین."
بە گوتەی ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، هەردوو لا داوای زۆربەی پۆستەکان دەکەن، "هیوادارم لە داهاتوودا وەکو بابەتی رێککەوتن لەگەڵ عێراق، بگەینە خاڵی هاوبەش و دەبێت هەردوو لا لە هەندێک شتی خۆمان سازش بکەین. ئەگەر ئەوە نەکرێت، رەنگە رێککەوتن ئاسان نەبێت."
رۆژی 20ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام تاوەکو ئێستا کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک نەهێندراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ