هەڵسوڕینەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی کۆبووەوە

19-07-2025
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ ستیڤن فاگن، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق لە هەولێر بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. 
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا ئاماژە بەوە دەکات، یەکێک لە تەوەرەکانی گفتوگۆکانیان، هێرشە درۆنییەکانی ئەم دواییەی سەر ژێرخانی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان بووە. 
 
باڵیۆزخانەکە ئاماژە بەوە دەکات، فاگن "جەختی لە پێویستیی وەستانی ئەو هێرشە درۆنییانە کردەوە کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستانی عێراق،" هەروەها دووپاتیکردەوە کە "حکومەتی عێراق ئەنجامدەرانیان رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە."
 
باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەڵێت، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەکە "جەختی لە پابەندبوونی ئەمریکا بە هاوبەشی ئەمنیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق و هەوڵە هاوبەشەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ مووچە و هەناردەی نەوت کردەوە."
 
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لەم مانگەدا 20 هێرشی درۆنی کراونەتە سەر باشووری کوردستان؛ لەو ژمارەیە 7ـیان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون، کە بەشێک لەو کێڵگانە لە لایەن کۆمپانیا ئەمریکییەکانەوە کاریان لەسەر دەکرێت. 
 
هێرشە درۆنییەکان زیانی زۆریان بە ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان گەیاندووە. عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنانی 200 هەزار بەرمیلی نەوتی لە دەستداوە.
 
کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان (ئەپیکور) رایگەیاندووە، بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە زۆربەی ئەندامانیان ناچار بوون بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە