رووداو دیجیتاڵ
ئێستا هاونیشتمانییان موبەریدە لەبری سپلیت زیاتر دەکڕن. بەرپرسێکی یەکێک لە فەرمانگەکانی ئاو دەڵێت، "زۆرینەی خەڵک جۆرێکی موبەریدە دەکڕن کە لە سێ رۆژدا 2000 لیتر ئاوی پێویستە."
محەممەد ئەحمەد، فرۆشیاری ئامێرە کارەباییەکان لە شاری هەولێر، ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بازاڕ هەمووی سستە، بەڵام دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی رووناکی خواست لەسەر موبەریدە زیادی کردووە. خەڵک موبەریدەی گەورە دەکڕن و بە یەک دانە ماڵێک فێنک دەکەنەوە."
لە چەند ساڵی رابردوودا هاونیشتمانیان بۆ فێنککردنەوەی ماڵ زیاتر سپلیتیان دەکڕی کە بەراورد بە موبەڕیدە کارەبای زۆر زیاتری دەوێت.
ئەو فرۆشیارەی ئامێرە کارەباییەکان گوتی، "کارەبای نیشتمانی لە پڕۆژەی رووناکی نرخی بەرزترە و ئەوانەش کە سپلیتیان هەیە بەشێکیان موبەڕیدە دەکڕن و دەڵێن، دەترسن بەهۆی سپلیتەوە پارەی کارەبای زۆریان بۆ بێتەوە."
هەر ئەمڕۆ بەڕێوەبەری یەکێک لە فەرمانگەکانی ئاو لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "خەڵکێکی زۆر گەڕاوەتەوە بۆ بەکارهێنانی موبەڕیدە. ئەوانەشی خانووی نوێ دروست دەکەن دیکتی موبەڕیدە دادەنێن. کەسانێک هەن دوای پڕۆژەی رووناکی لە سپلیت دوور دەکەونەوە. ئەوە بارگرانییەکی زۆری بۆ ئاو دروستکردووە."
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئاو، "یەک موبەڕیدەی گەورە کە ئێستا زۆر بەکار دەهێندرێت، لە سێ رۆژدا پێویستی بە دوو هەزار لیتر ئاوە، لەکاتێکدا ساڵانی رابردوو تەواوی ماڵێک لە سێ رۆژدا دوو هەزار لیتر ئاوی پێویست بوو."
پڕۆژەی رووناکی بۆ بە 24 کاژیریکردنی کارەبا زیاتر لە 500 هەزار هاوبەشی ماڵان و بازرگانی هەیە. بەگوێرەی پڕۆژەکە، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو تەواوی شارەکان پڕۆژەکەیان پێگات.
نرخی کارەبای 24 کاژێری بەراورد بە نرخی ئێستا ئەو ناوچانەی کە پڕۆژە نەیگرتوونەتەوە و زیاتر پشت بە موەلیدەی گەڕەکەکان دەبەستن زیاترە و بەمشێوەیەیە:
1 بۆ 400 کیلۆوات: 72 دینار
400 بۆ 800 کیلۆوات: 108 دینار
800 بۆ 1200 کیلۆوات: 175 دینار
1200 بۆ 1600 کیلۆوات: 265 دینار
1600 بۆ سەرەوە: 350 دینار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ