رووداو دیجیتاڵ
لەبارەی کوژرانی ئەندامێکی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، نیاز دەرگەڵەیی لە رووداوێکی "کوشتنی نادیاردا" بە سێ گولـلە کوژراوە.
دوای نزیکەی 12 کاژێر لە کوژرانی نیاز جەلال دەرگەڵەیی، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی ناوەندیی یەکێتی، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "کاژێر 10:00ـی شەوی هەینی 18ـی ئابی 2023، هاووڵاتی نیاز جەلال بەگ ناسراو بە نیاز دەرگەڵەیی لە رووداوێکی کوشتنی نادیاردا گیانی لەدەستدا".
پۆلیسی راپەرین رایگەیاندووە، تەرمی نیاز دەرگەڵەیی براوەتە دادپزیشکی رانیە و دەرکەوتووە و شوێنەواری سێ گولـلە بە جەستەیەوە هەیە.
لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی راپەڕیندا بە پشتبەستن بە گوتەی کەسوکاری قوربانییەکە ئاماژە بەوەکراوە، دەرگەڵەیی لەکاتی رووداوەکەدا لە باخەکەی خۆیدا بووە لەسەر رێگەی قورەگۆ؛ رووداوەکەشی بە "کوشتنی نادیار" ناوبردووە.
پۆلیس راپەڕین لێکۆڵینەوەی بۆ هۆکاری رووداوەکە دەستیپێکردووە و دەستگیرکردنی هیچ تۆمەتبارێکیشی رانەگەیاندووە.
شەوی رابردوو دوای رووداوەکە، رێبوار قادر، لێپرسراوی دادپزیشکی رانیە بە رووداوی گوت، "گولـلە بەر سەری نیاز دەرگەڵەیی کەوتووە و ئاسەوارەکەی بە سەرییەوە بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ