سیستمی وەرگرتنی وزەی خۆر لەسەر 86 باڵەخانەی کەرکووک دادەنرێت

19-08-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سیستمی وەرگرتنی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ناسراو بە سۆلار لەسەر 86 باڵەخانەی کەرکووک دادەنرێت و زیاتر لە 76٪ی پڕۆژەکەش تەواو کراوە.
 
خەبات ئەسعەد محەممەد، راوێژکاری ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت رۆژی شەممە 19-08-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی دانانی سیستمی وەرگرتنی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر باڵەخانەکانی سنووری پارێزگای کەرکووک کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی لەسەر ئەو باڵەخانەنەی تازە دروست دەکرێن. ئەمەش رێگەیەکی باشە بۆ زیادکردنی کارەبا و کەمترکردنەوەی پشتبەستن بە کارەبای نیشتمانی. سیستمەکە لە هەموو  فەرمانگە حکومییەکانی قەزا و ناحییەکان و نێو شاری کەرکووک جێبەجێ دەکرێت، وەک قەرەنجیر، داقووق، دوبز و نێو شاری کەرکووک".
 
خەبات ئەسعەد محەممەد دەڵێت، "سیستمەکە لەسەر 86 باڵەخانە دادەندرێت و بڕێکی زۆرباش کارەبا بەرهەم دەهێنێت. کەرکووکیش لە رووی کارەباوە لۆدێکی زۆری هەیە. ئەو سیستمە بێ پاترییە، چونکە شەوانە پێویست نییە و تەنیا بە رۆژ سوودی لێوەردەگیرێت".
 
راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، کۆمپانیای (BPS)ی بەریتانی سەرپەرشتی جێبەجێکردنی پرۆژەکە دەکات و تاوەکو ئێستاش زیاتر لە 76٪ی تەواو بووە.
 
بە گوتەی راکان جبووری، کەرکووک دەبێتە یەکەم پارێزگای عێراق کە بەو شێوەیە پشت بە وزەی خۆر دەبەستێت لە بەرهەمهێنانی کارەبادا و ئەوەش رۆڵی خۆی لە پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە کارەبای نیشتمانی دەبێت. 
 
عێراق ئێستا توانای بەرهەمهێنانی نزیکەی 26 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە، لەکاتێکدا پێویستی بە 34 بۆ 35 هەزار مێگاوات کارەبایە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە