رووداو دیجیتاڵ
کۆمپانیای دیجلە بۆ دابەشکردنی کارەبا-دێداش، کارەبای 12 گوندی سەر بە دوو شارۆچکەی پارێزگای شرنەخی باکووری کوردستان بڕی.
بە پاساوی بە قاچاخ راکێشانی کارەبا و رەتکردنەوەی تۆمارکردن بۆ بوون بە هاوبەشی فەرمیی کارەبا، دێداش شەوی رابردوو کارەبای لەسەر 12 گوندی سنووری شارۆچکەکانی سلۆپی و هێزەخ سەر بە پارێزگای شرنەخ لە باکووری کوردستان بڕی.
ئەو گوندانەی شەوی رابردوو کارەبایان بڕدرا بریتین لە ئاکسوو، بالیکایا، باشاک، بۆستانجی، ئاکتەپە و بوغدایلی لە سنووری شارۆچکەی سلۆپی و گوندەکانی زەرگوزابانی، خراباتویا، شێخ حەسەن، تەکەکویی، رێزۆک و دانەر لە سنووری شارۆچکەی هێزەخ.
گوندنشینەکان بەهۆی بڕینی تەزووی کارەبای ماڵەکانیانەوە پەیوەندییان بە پەرلەمانتارانی بازنەی ئامەدەوە کرد بۆ ئەوەی کێشەکانیان چارەسەر بکەن. نەورۆز ئویساڵ ئاسڵان، پەرلەمانتاری بازنەی ئامەدی یەسەپە شەوی رابردوو سەردانی گوندەکانی کرد و پێی راگەیاندن کە بە تەلەفۆن لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای دێداش قسەی کردووە و پرسیاری لە هۆکاری بڕینی کارەباکە کردووە و ئەویش پێی راگەیاندووە، گوندنشینەکان بە قاچاخ کارەبا رادەکێشن و ئامادە نین وەک هاوبەشی یاسایی بۆ وەرگرتنی کارەبا ناوی خۆیان تۆمار بکەن.
کارەبابڕین لە بەشێک لە گوندەکانی پارێزگاکانی ئامەد، رووها، وان و چەند پارێزگایەکی دیکەی باکووری کوردستان هەیە و بەشێک لە پەرلەمانتارانیش بابەتەکەیان بۆ پەرلەمانی تورکیا بەرزکردووەتەوە بە مەبەستی بانگهێشتکردنی وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ