بەڵگەفیلمی مەحموود ئێزدی لە دهۆک پێشاندرا

19-08-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
کاتی پێشاندانی بەڵگەفیلمی مەحموود ئێزدی
کاتی پێشاندانی بەڵگەفیلمی مەحموود ئێزدی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەڵگەفیلمی مەحموود ئێزدی کە لەلایەن تۆڕی میدیایی رووداوەوە بەرهەمهێندراوە بە بەشداری چەندین کەسایەتی لە دهۆک پێشاندرا. 
 
رۆژی 19ـی ئابی 2024، بە بەشداری میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان، عێراق و جیهان و چەندین کەسایەتی دیکە بەڵگەفیلمی مەحموود ئێزدی لە دهۆک پێشاندرا. 
 
پێش پێشاندانی بەڵگەفیلمەکە، ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو گوتارێکی لەبارەی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی فیلمەکە و کەسایەتی مەحموود ئیزدی پێشكێش کرد.
 
ئاکۆ محەممەد لەبارەی کەسایەتی مەحموود ئێزدی گوتی: "مەحموود ئێزدی پێشمەرگەیەکی قارەمان و پارتیزانێكی شارەزا بوو، هەر ئەوەش ترسی خستبووە دڵی نەیار و داگیرکەرانی کوردستان".
 
بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو لەبارەی خەباتی ئێزدییەکان گوتی: "ئێزدییەکان بەقارەمانی شەڕییان بۆ ئازادی کوردستان کردووە و گوندی ئێزدییەکان وەکو گوندەکانی دیکەی کوردان لە پڕۆسەی ئەنفال، ئەنفال کراون".
 
مەحموود مەحموود ئێزدی بەناوی بنەماڵەی مەحموود ئێزدی گوتارێکی پێشکێشکرد و تێیدا سوپاسی تۆڕی میدیایی رووداوی بۆ بەرهەمهێنانی بەڵگەفیلمەکە کرد.
 
هاشم ئەلیس سلۆ ناسراو بە مەحموود ئێزدی، ساڵی 1944 لە ناحیەی باعەدرێ لە دایکبووە. لە سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1963 پەیوەندی بە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە کرد. لە ساڵی 1979 شەهید کرا. دوای شەهیدبوونی تەرمەکەی لە ناوچەی بەرواری باڵا بەخاکسپێردرا، لە ساڵی 2001 تەرمەکەی گواسترایەوە لالش و لەوێ بەخاکسپێردرا.
 
ئەو یەکێک بوو لەو فەرماندانەی پێشمەرگە، کە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلول لە چوارچێوەی قیادە مۆقەتە دەستیان بە خەباتی چەکداری کردەوە.
 
شەھید مەحموود ئێزدی لە ساڵی 1944 لەدایکبووە، لە ساڵی 1963 پەیوەندی بە رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەکات، کە ئەوکات لەنێو سوپای عێراق بووە، زۆری پێناچێت پلەی جێگری ئەفسەر بەدەست دەهێنێت لە سوپا کە پلەیەکی کەم نییە بۆ ئەو سەردەمە، پاشان ئاشکرا دەبێت کە کار بۆ رێکخستنەکانی پ. د. ک دەکات، بۆیە دەچێتە دەرەوە و پەیوەندی بە شۆڕشی ئەیلوول دەکات لە ساڵی 1973.

پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول دەچێتە ئێران، بەڵام زۆر نامێنێتەوە و دەگەڕێتەوە بۆ گوندەکانی باشووری کوردستان و دەست دەکاتەوە بە کاری رێکخستن. پاشان رێکخستنەکانی فراوان دەکات و چالاکییەکانی رێکخستنەکان دەچنە شارەکان دواتر بۆ موسڵ و بەغدا.
 
شەھید مەحموود ئێزدی شارەزابوو لە بواری سەربازی و کاری رێکخستن، ترسێکی گەورەی خستبووە دڵی بەعس کە ھەموو ھەوڵ و توانای خۆیان تەرخان کردبوو بۆ لەناوبردنی، رژێمی بەعسیش بە ھەموو رێیەک ھەوڵی کوشتنی دەدا. دواجار بەدەستی غەدر و خیانەت شەھیدکرا.

شەهید مەحموود ئێزدی لە چەندین داستان و قارەمانێتی دا بەشداریی کردووە، وەک هاوڕێکانی باسی دەکەن هەمیشە پاڵەوانی شەڕەکان بووە و سڵی لە هیچ شتێک نەکردووەتەوە و هەرگیز لە مردن نەترساوە، ئەو ئەستێرەیەکی گەشی ئاسمانی کوردایەتی و رووبەڕووبوونەوەی ستەم و نادادپەروەریی بوو، هەموو ئاواتی رزگاربوونی گەلەکەی بوو لەژێر ستەم و چەوسانەوەی حکومەت یەک لەدوای یەکەکانی عێراق.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە