رووداو دیجیتاڵ
ئاگرەکەی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ رۆژی سێیەم بەردەوامە. بەرگریی شارستانیی ناوچەکە دەڵێت، کەشوهەوا لەباربێت ئەمڕۆ کۆنترۆڵی دەکەن.
زانیار عومەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەڵەبجە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئاگرەکەوە کە هێشتا بەردەوامە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و چوار کەسیش بریندار بوون".
لە رۆژی یەکەمی ئاگرەکەدا لە 17ـی ئاب ژینگەپارێزێک گیانی لە دەست دا و دوو کارمەندی بەرگریی شارستانی تووشی هەناسەتەنگی بوون، دوێنێش کەسێکی دیکە کە پۆلیسی دارستان بوو گیانی لەدەستدا، هەر دوێنێ دوو هاونیشتمانی "بە سووکی" بریندار بوون.
زانیار عومەر دەڵێت: "پارێزگاری هەڵەبجە داوای لە سلێمانی کرد هەندێک ئامێری تایبەت بنێرن و ئەوانیش ناردوویانە و ئێستا سەرقاڵی دروستکردنی ئاگربڕین، ئەگەر کەشوهەوا هاوکار بێت ئەمڕۆ بە تەواوی ئاگرەکە کۆنترۆڵ دەکەین".
ئاگرەکە ناوچەی کۆکۆیی لە رۆژهەڵاتی هەڵەبجە گرتووەتەوە، کە بریتییە لە سنووری گوندەکانی چنارە، نەیجەلە و مۆردین.
بەهۆی قوربانییەکانەوە، دوێنێ پارێزگای هەڵەبجە ماتەمینی گشتی بۆ ماوەی دوو رۆژ راگەیاند و ئاماژەی بەوەکرد "ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەر سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکانی سنووری پارێزگای هەڵەبجە بۆ نیوە دادەگیرێت".
بەگوێرەی بڕیارەکە، تاوەکو دوو رۆژ لە سنووری هەڵەبجە سەرجەم ئاهەنگ و بۆنە و چالاکییەکی شادی ئامێز رادەگیرێت.
ئەو دوو کەسەی گیانیان لەدەستداوە یەکەمیان ئاری موختاری ژینگەپارێز بوو، ئەوی دیکەش محەممەد شێخ حەیدەر، پۆلیسی دارستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ