رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە و دوای زیاتر لە سێ ساڵ، لە شارەوانییەکانی سنووری کەرکووک وەرگرتنی مامەڵەی تاپۆ بۆ خانووە زێدەڕۆکان دەستیپێکردەوە. سەرۆکی شارەوانییەکانی کەرکووک دەڵێت، سوودمەندی سەرەکیی بڕیارەکە نەتەوەی عەرەبن.
ئاری سەیفەدین، سەرۆکی شارەوانییەکانی کەرکووک، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "وەرگرتنی مامەڵە دەستپێکردووەتەوە و تایبەتە بەو گەڕەکانەی رێنماییەکانی تاپۆکردن دەیانگرێتەوە".
ساڵی 2022 لە زۆرینەی گەڕەکە کوردییەکانی نێو کەرکووک مامەڵەی تاپۆکردنی زیاتر لە 90 هەزار خانووی زێدەڕۆ پێشکێش کران. ئاری سەیفەدین دەڵێت: "ئەوانەی پێشتر مامەڵەیان کردووە و کۆدیان وەرگرتووە پێویست ناکات دووبارە مامەڵە بکەنەوە".
سەرۆکی شارەوانییەکانی کەرکووک دەڵێت: "ساڵی 2022 کە مامەڵەمان وەرگرت سێ مانگ کات دیاریکرا، بەڵام رێنماییەکانی ئێستا کراوەن و کاتی کۆتایی دیاری نەکراوە".
لە کەرکووک خانووەکانی 11 گەڕەک زۆربەیان زێدەڕۆن، هەشت گەڕەکیان دانیشتووانەکەی کوردن و ئەوانی دیکەش تورکمان و عەرەب.
گەڕەکە کوردنشینە زێدەڕۆکانی کەرکووک ئەمانەن: پەنجە عەلی، بارووتخانە، دەروازە، شۆراو، فەیلەق، نەورۆز، سێکانیان و گورگەچاڵ؛ هەروەها گەڕەکی بەدر و حەمزەلی بۆ تورکمانەکان و سەیادەش بۆ هاووڵاتیانی عەرەب.
سەرۆکی شارەوانییەکان کە سەرپەرشتی شارەوانییەکانی 11 قەزا و ناحیەی کەرکووک دەکات گوتی: "بڕیارەکە دوو جۆر زەوی دەگرێتەوە، یەکێکیان زەویی شارەوانییە کە ئیفراز نەکراوە و تاپۆ نییە، هەروەها زەوییەک سەر بە وەزارەتی دارایی بێت و کشتوکاڵی بێت تاپۆ دەکرێت".
ئاری سەیفەدین گوتی: "بڕیاری تاپۆکردن زۆربەی گەڕەکە کوردییەکان ناگرێتەوە، بۆ نموونە گەڕەکەکانی فەیلق، بارووتخانە، سێکانیان، شۆراوی یەک و دوو و گورگەچاڵیش ناگرێتەوە، بەڵام پەنجە عەلی (قادسیە) دەگرێتەوە؛ بەگشتی گەڕەکە عەرەب و تورکماننشینەکان زیاتر سوودمەند دەبن".
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003، هاونیشتمانییەکی زۆر گەڕانەوە زێدی خۆیان و لە گەڕەکی نوێ و گەڕەکە کۆنەکانی کەرکووک خانوویان دروستکرد، دوای ماوەیەک ئەو خانووانە بە زێدەڕۆ ناسێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ