رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پێشووی لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، دۆخی دەریاچەکە بە "کارەساتبار" ناو دەبات. رەخنە لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران لە بەرامبەر دەریاچەی ورمێش دەگرێت و دەڵێت، بەرپرسیارێتیی ژیاندنەوەی دەریاچەکە بە کەسانێک سپێردراوە، کە بێ توانان و لە بەرامبەر وشکبوونی دەریاچەکە کەمتەرخەمن.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025 عیسا کەلانتەری، سکرتێری پێشووی لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ لە لێدوانێکدا بۆ میدیای ئێران ئاماژەی بە دۆخی خراپی دەریاچەکە کرد و رایگەیاند، "بارودۆخی دەریاچەی ورمێ کارەساتبارە. تەنیا نزیکەی 100 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە دەریاچەکەدا ماوە و رووبەری دەریاچەکە بۆ نزیکەی 200 کیلۆمەتر چوارگۆشە کەم بووەتەوە."
عیسا کەلانتەری گوتی، "قووڵایی ئاوی دەریاچەی ورمێ بۆ کەمتر لە نیو مەتر دابەزیوە و دەریاچەکە بە کردەیی وشک بووە."
سکرتێری پێشووی لیژنەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ، رەخنە لە سیاسەتەکانی حکومەتی ئێران لە بەرامبەر دەریاچەی ورمێ دەگرێت و دەڵێت، "بەرپرسیارێتی ژیاندنەوەی دەریاچەکە بە کەسانێک سپێردراوە، کە بێ توانان و لە بەرامبەر وشکبوونی دەریاچەکە کەمتەرخەمن."
کەلانتەری رەخنە لە پزیشکیان دەگرێت و دەڵێت، "بەڕێز پزیشکیان دەریاچەی داوەتە دەست کەسانێکی بێتوانا. بەرپرسیارێتی ژیاندنەوەی دەریاچەکەی داوەتە دەست محەممەدڕەزا عارف، جێگری یەکەمی سەرۆککۆمار و رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ. عارف بێباکە و گرنگی پێ نادات و بەڕیز رەحمانیش بەدوای ئامانجی دیکەوەیە."
بە گوتەی سکرتێری پێشووی ئەو لیژنەیە، بەو سیاسەت و بیرکردنەوەی ئێستای بەرپرسان، هیچ هیوایەک بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێ نەماوە و ئەگەر ئەم رەوتە بەردەوام بێت، دەریاچەکە یەک دوو ساڵی داهاتوو بە تەواوی لەنێو دەچێت.
عیسا کەلانتەری، لە کابینەی دووەمی حەسەن رووحانی، سەرۆککۆماری پێشووتری ئێران، لەنێوان ساڵەکانی 2017 تاوەکو 2021 جێگری سەرۆککۆمار و سەرۆکی دامەزراوەی پاراستنی ژینگەی ئێران بووە.
هەروەها لەنێوان ساڵەکانی 1988 تاوەکو 2001 کەلانتەری بۆ ماوەی زیاتر لە 12 ساڵ وەزیری کشتوکاڵی ئێران بووە.
دەریاچەی ورمێ کە لەکاتی پڕئاویدا رووبەرەکەی نزیکەی 6000 کیلۆمەتر بوو، ئێستا مەترسیی وشکبوونی لەسەرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ