رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی نەگەڕانەوەی ئەو هاونیشتمانییانەی لە رێگەی هێڵی ئاسمانیی عێراقییەوە چوونەتە سعودیە، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تاوەکو کاتێکی نادیار گەشتی ئاسمانیی تایبەت بە عومرەکارانی راگرت. گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، "ئەم هەڵوێستەمان بۆ بریکارانی فڕۆکەوانیی عێراقە و دەبێت گەشتەکانمان ئاسایی بکەنەوە."
لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 2000 عومرەکاری هەرێمی کوردستان لە سعودیە گیریان خواردبوو، ئەوەش لە کاتێکدا رێوڕەسمی چلەی ئیمام حوسێن بەڕێوەدەچوو؛ بەشێک لە عومرەکاران بە پاس گەڕانەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئابی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە رایگەیاند، "تاوەکو عومرەکارانی کوردستان لە سعودیە بە فڕۆکە نەگەڕێنەوە، هیچ گەشتێکی ئاسمانی بۆ عومرە لە کوردستانەوە بۆ سعودیە ناکرێت."
کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ی رووداو میوان بوو، کە شههیان تەحسین پێشکێشی دەکات و گوتی، "بەهۆی ناڕێکیی گەشتەکانی عومرەوە خەڵکی هەرێمی کوردستان نیگەران بوون و لەو چوارچێوەیەدا بڕیارمان دا هەموو گەشتەکانی عومرە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانییەوە رابگیرێن."
کاروان ستوونی رایگەیاند، "بەشێک لە عومرەکاران لە رۆژانی رابردوودا بە پاس گەڕانەوە و ئێستا زیاتر لە 1000 کەس لەوێ ماون، بەڵام لەبەر ئەوەی کەسی بەتەمەن و نەخۆشیان تێدایە، هەروەها جیاوازیی نێوان گەشتی ئاسمانی و وشکانی 400 دۆلارە. گەشتی وشکانی 350 دۆلارە بێ خزمەتگوزاری و گەشتی ئاسمانی 750 دۆلارە. بۆئەوەی خەڵک زەرەرمەند نەبن، ئەم بڕیارەمان دا."
بە گوتەی کاروان ستوونی، 16 هەزار عومرەکار گیریانخواربوو کە 2000یان خەڵکی هەرێمی کوردستان بوون.
کاروان ستوونی گوتیشی، ئەو کۆمپانیایانەی گەشتی حەج و عومرە رێک دەخەن "دەبێت ڤیزە، هۆتێل و فڕۆکە لە کاتی خۆیدا بۆ خەڵک دابین بکەن." باسی لەوەش کرد، "ئەو کۆمپانیایانە 100 هەزار دۆلاریان وەک دەستەبەری لە بانک داناوە. ئەگەر هاووڵاتییان گلەییان هەبوو و سەلمێندرا کە دەبێ قەرەبوو بکرێنەوە، لەو پارەیە قەرەبوو دەکرێنەوە."
لەبارەی بڕیارەکەی ئەمڕۆی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەوە، کاروان ستوونی دەڵێت، "ئەمە وەک گوشارێکە بۆ سەر بریکارانی فڕۆکەوانیی عێراق کە ناهێڵین خەڵکی دیکە لە هەرێمی کوردستانەوە بچنە سعودیە، ئەمەش لە زیانی هێڵی فڕۆکەوانیی عێراق و بریکارەکانییەتی."
بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان هێڵی گەرمی هەیە و هەر عومرەکارێک سکاڵای هەبێ، دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ژمارە 07505953534 ەوە بکات.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە گوتی، "هیچ پەیوەندییەکمان پێوەنەکراوە بۆ ئاساییبوونەوەی گەشتەکان و گەڕانەوەی عومرەکاران. دەبێت دڵنیاییشمان پێبدرێ ئەمە دووبارە نابێتەوە."
بەهۆی رێوڕەسمەکانی حەجەوە، گەشتی عومرە لە کۆتاییەکانی مانگی نیسان راگیرا و لە 18-07-2025ـەوە گەشتی عومرە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ سعودیە دەستی پێکردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ