کارەبای هەڵەبجە: سەرەتای مانگی داهاتوو کارەبای پارێزگاکە دەبێتە 24 کاژێری

19-08-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە دەڵێت، کارەکانی (پڕۆژەی رووناکی) لە پارێزگاکە لە دوا قۆناخەکاندان و کارەبای هەڵەبجە سەرەتای مانگی ئەیلوول دەبێتە 24 کاژێری.
 
رۆژی سێشەممە 19ی ئابی 2025 ئەندازیار کاوان کەریم، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارەکان زۆر بە خێرایی جێبەجێ دەکرێن، چونکە تۆڕەکانی کارەبامان هیچ کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبوو، بۆیە پڕۆسەکە دوانەکەوت و لە نزیکەی دوو مانگدا بەشی زۆری کارەکان تەواو کران و چاکسازیی بگۆڕەکانی کارەباش 95%ی تەواو بووە."
 
لە 15ی تەممووزی ئەم ساڵەوە لە پارێزگای هەڵەبجە دەست بە کارەکانی پڕۆژەی رووناکی کرا. کاوان کەریم گوتی، "سەرەتای مانگی ئەیلوول کارەکان تەواودەبن و هەموو پارێزگای هەڵەبجە بە یەک زۆن دەبێتە کارەبای 24 کاژێری."
 
لە پارێزگای هەڵەبجە 410 هەزار و 300 هاوبەشی کارەبا هەن. بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای هەڵەبجە، "88%ی هاوبەشان پێوەری زیرەکیان بۆ دانراوە. ئەوەی ماوە بە زووترین کات تەواو دەبێت."
 
تشرینی دووەمی ساڵی 2024 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژەی رووناکی راگەیاند، بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کارەبای 24 کاژێرییان هەبێت.
 
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی کارەبا، سوودمەندانی پڕۆژەی رووناکی بەپێی پارێزگاکان بەم شێوەیەی خوارەوەیە:
 
هەولێر: 380 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 458 هەزار کەس
 
سلێمانی: 257 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 976 هەزار و 500 کەس
 
دهۆک: 79 هەزار هاوبەش، کە دەکاتە نزیکەی 288 هەزار کەس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە