بەرپرسێکی باڵا بۆ رووداو: کەسوکاری شەهیدان کارتی نیشتمانییان نەبێت مووچەیان رادەگیرێت

19-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان دەڵێت، هەر واریسێکی شەهیدان و ئەنفالکراوان کارتی نیشتمانیی نەبێت مووچەکەی رادەگیرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "رێنمایی هاتووە، کە هەرکەسێک کارتی نیشتمانیی نەبێت مووچەکەی رادەگیرێت".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێنماییەکە لەسەر داوای حکومەتی عێراقە و بۆ لیستی مووچەی مانگانەیە، کە دەبێت کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان کە مووچەکە وەردەگرن، کارتی نیشتمانییان هەبێت.
 
بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتەکە: "تاوەکو مانگێکی دیکە کات هەیە بۆ ئەو کەسانەی کارتی نیشتمانییان هەیە، ئەگەر لەو ماوەیەدا کارتیان نەهێنا، مووچەکەیان رادەگیرێت تاوەکو ئەوکاتەی کارتی نیشتمانیی دەردەکەن، ئەگەر هەر کارتیان نەبێ، مووچەکە دەبڕدرێت".
 
لە راگەیێندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی چەمچەماڵ رایگەیاندووە: "ئەو واریسانەی شەهیدان تائێستا کارتی نیشتمانییان نەهێناوە با بیهێنن، بە پێچەوانەوە کێشە لەناو سیستمی مووچە دروست دەبێت و خۆیان بەرپرسیار دەبن بەرامبەر بە نەهاتنی مووچەکانیان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە