شێروان شێروانی بە چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە سزا درا

19-08-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ لە دادگەی بنەسڵاوەی پارێزگای هەولێر، بە بڕیاری دادوەر سزای زیندانیی چوار ساڵ و پێنج مانگی دیکە بۆ چالاکڤانی حوکمدراو شێروان شێروانی دەرکرا. پارێزەرەکەی دەڵێت: "بڕیارەکە دەبەینە دادگەی پێداچوونەوە".
 
شێروان شێروانی، کە لە ساڵی 2021ـەوە لە زیندانە، پێشتر سەرۆکی هەرێمی کوردستان سزاکەی بۆ نزیکەی نیوە کەمکردبوویەوە و دەبوو لە ئەیلوولی 2023 ئازاد بکرایە.
 
دوای دانیشتنی دادگە، محەممەد عەبدوڵڵا، یەکێک لە پارێزەرەکانی شێروان شێروانی گوتی: "دانیشتنی دادگەکە لەسەر سکاڵای کەسێک بووە بە ناوی رائید دڵدار بە مادەی 229 لە یاسای سزادانی عێراقی".
 
بە گوتەی پارێزەکەی، لە دەرەوەی دادگە "دەستوەردان" لە دۆسیەی شێروان شێروانی هەبووە و گوتی: "پێش دانیشتنی دادگە و لە دەرەوە سزاکەیان سەپاندبوو".
 
پارێزەر محەممەد عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەکرد: "بەبێ بەڵگەی یەکلاکەرەوە دادگە سزاکەی بۆ ماوەی چوار ساڵ و پێنج مانگ بڕیوەتەوە".
 
پارێزەرەکەی شێروان شێروانی گوتی، تانە لە بڕیارەکە دەدەن و گوتی: "هیوادارین لە دادگەی پێداچوونەوە بڕیارەکە هەڵوەشێندرێتەوە".
 
لە کۆنگرەکەدا برایەکی شێروان شێروانی گوتی: "شێروان هیچ گوناهێکی نییە، ئەوە شەرمێکی گەورەیە حیزب و رێکخراوەکان بێدەنگ بن".
 
هەروەها عەلی حەمەساڵح، ىڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە کۆنگرەکەدا گوتی: "تۆمەتەکە ئەوەیە گوایە شێروان شێروانی لە زینداندا هەڕەشەی لە ئەفسەرێک کردووە، زیندان هەمووی کامێرایە و ئەگەر وایە با یەک گرتەی ڤیدیۆیی بڵاو بکەنەوە، کە بیسەلمێنێت شێروان هەڕەشە و شەڕی کردووە".
 
دوای چەند مانگێک لە دەستگیرکردنیان، دادگەی تاوانی هەولێر، 16-02-2021 بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی"، هەریەک لە شێروان شێروانی، ئەیاز کەرەم، گوهدار محەممەدئەمین، هاریوان عیسا و شڤان سەعیدی بە یەکی شەش ساڵ زیندانیکردن سزادا.
 
شوباتی 2022 بە فەرمانی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 60%ـی سزاکەیان لابرا، جگە لە شێروان شێروانی کە 50% کەمکرایەوە.
 
دوای فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، 16-03-2023 سێ کەس لە حوکمدراوان کە بریتی بوون لە ئەیاز کەرەم، هاریوان عیسا و شڤان سەعید ئازادکران و دوای دوو سزای دیکە، گوهدار محەممەدیش ئازاد کرا.
 
بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەبوو ئەیلوولی 2023 شێروان شێروانی ئازاد بکرایە، بەڵام پێش ئەو کاتە و لە 20ـی تەمموزی 2023، شێروانی بە مادەی 298 و 295 لە یاسای سزادانی عێراق، بە چوار ساڵ بەندکردن سزا درایەوە.
 
لەبارەی هۆکاری چوار ساڵەکەی شێروان شێروانی، ئەو کات رەمەزان ئەرتیسی، یەکێک لە پارێزەرەکانی بە رووداوی گوت: "ساڵی 2022 داوای ئازادکردنی مەرجدارمان بۆ ئەیاد کەرەم، شڤان سەعید، گۆهدار زێباری و هاریوان عیسا کرد، بەڵام نەکرا و دواتر گوتمان مادەم ناکرێت با بڕیارەکە هەڵبوەشێنینەوە."
 
پارێزەرەکە گوتیشی: "بۆ واژۆی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە هەموو گیراوان بەدەستی خۆیان واژۆیان کرد، تەنیا گۆهدار زێباری نەبێت کە ئەو کات لە زیندانی تاکە کەسی بوو و داوای کرد شێروان شێروانی لەبری ئەو واژۆ بکات و ئەویش واژۆی بۆ کرد. دادگە لەسەر ئەو بابەتە بە چوار ساڵی دیکە سزای شێروانی دایەوە."
 
دواتر هەر بەگوێرەی بڕیارەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، چوار ساڵەکە کرایەوە بە دوو ساڵ و بڕیاربوو 16ـی ئەیلوولی 2025 ئازاد بکرێت، بەڵام لە 16ـی ئاداردا دادوەر رەتیکردەوە و رایگەیاند، دەبێت شەش مانگی دیکە لە زینداندا بمێنێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.