رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە کە سەرجەم میراتە کولتوورییەکەی نووسەری کۆچکردووی کورد، عەزیز گەردی بکڕێتەوە؛ سەرۆکی سەنتەرێکیش دەڵێت: "ئەوانەی کتێبخانەکەیان کڕیوەتەوە، رازی بوون رادەستی حکومەت بکەن."
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی 8ی 2025، وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە دوای کۆچی دوایی مامۆستا عەزیز گەردییەوە، له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م میراتگره‌كانی لەسەر هێڵ بووین و لیژنه‌یه‌كمان پێکهێنا بۆ ئه‌وه‌ی پارێزگاری له سامانی كولتووری به‌جێماوی مامۆستای كۆچكردوو، له خزمه‌تی ناوی به‌رز و دره‌وشاوی عه‌زیز گه‌ردی بین."
بە گوێرەی وەزارەتی رۆشنبیری، وەزارەتەکە لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامادەن سه‌رجه‌م سامانی كولتووریی عەزیز گەردی بکڕنەوە؛ بیکەنە كتێبخانه و مۆزه‌خانه‌یه‌كی تایبه‌ت به یادگارییه‌كانی.
نامیق هەورامی، گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "پێشنیازمان بۆ میراتگره‌كانی خستووەتەڕوو کە ماڵه‌كه‌ی مامۆستای كۆچكردوو بكڕینه‌وه و چه‌ند ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌ی میراتگره‌كان وه‌ک فه‌رمانبه‌ری حكومه‌ت له كتێبخانه و مۆزه‌خانه‌كه‌یدا خزمه‌ت بكه‌ن."
بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی رۆشنبیری، "بەهۆی راجیایی، میراتگره به‌ڕێزه‌كانی مامۆستای كۆچكردوو، رێگه‌یه‌كی دیكه‌یان هه‌ڵبژارد".
وەزارەتی رۆشنبیری دەڵێت، "سه‌باره‌ت به به‌رهه‌م و ده‌ستنووسه‌كانی مامۆستای كۆچكردوو، لەگەڵ نووسینگەی جەنابی سەرۆک وەزیران له‌سه‌ر هێڵن بۆ ئه‌وه‌ی میراتی رۆشنبیری، كولتووری و ده‌ستنووسه‌كانی مامۆستای كۆچكردوو، وه‌ک موڵكی گشتیی سه‌یریان بكرێت و مافی خاوه‌ندارێتی ئه‌و به‌رهه‌مانه هه‌ر له‌سه‌ر ناوی مامۆستا عه‌زیز گه‌ردی بپارێزرێن."
وەزارەتی رۆشنبیری دەشڵێت: "حکومەت به‌وپه‌ڕی بایه‌خه‌وه كار ده‌كات بۆ وه‌رگرتنی مافی به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر پاراستن و چاپكردن و بڵاوكردنه‌وه‌یان له پێناو سوودی گشتی."
وەزارەتەکە داوا لە میراتگرانی مامۆستا عەزیز گەردی دەکات، "له ئاست به‌رپرسیارێتیی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌ییدا به‌ده‌م بانگه‌وازه‌كه‌مانه‌وه بێن بۆ ئه‌وه‌ی گیانی مامۆستای كۆچكردوو به چاپكردنی ده‌ستنووس و به‌رهه‌مه‌كانی شاد بێت و مافی میراتگرەکانیش پارێزراو بێت."
هەر ئەمڕۆ ئەسکەندەر زرار، نووسەر و سەرۆکی سەنتەری خەون بە رووداوی گوت: "میراتگرانی مامۆستا عەزیز گەردی [ئەوانەی کتێبخانەکەیان کڕیوەتەوە] رەزامەندییان دەربڕیوە کە کتێبخانەکەی مامۆستا رادەستی حکومەت بکەن؛ بەو مەرجەی تێچووی کڕینی کتێبخانەکەیان بۆ بگەڕێننەوە."
عەزیز گەردی، کە ناوی تەواوی عەزیز ئەحمەد عەبدوڵڵایە، لە ساڵی 1947 لە هەولێر لەدایکبووە؛ لە ناحیەی بەحرکەی نزیک شاری هەولێر دەژیا؛ ژیانی هاوژینی پێکنەهێنابوو.
عەزیز گەردی، نووسەر و وەرگێڕی کورد، رۆژی 06ـی حوزەیرانی 2022 لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر کۆچی دواییکرد.
هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندنەوە بوو و لە هەرزەکارییدا دەستی بە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی کوردی و بیانی کرد. نۆبەرەی بەرهەمەکانی عەزیز گەردی ساڵی 1968-1969 چاپ و بڵاوکرایەوە کە کتێبی رەوانبێژییە. دواتر کتێبەکانی ئەدەبی بەراوردکاری، پەخشانی کوردی، رابەری شیعری کلاسیکی کوردی و چەندین کتێبی دیکەی نووسی. لە ساڵی 1994 ماستەرنامە و لە ساڵی 1999 دکتۆرای بەدەستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ