رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سێ تۆمەتباری "مەترسیدار"یان دەستگیرکردووە و دەستیانگرتووە بەسەر یەک کیلۆ مادەی هۆشبەر، چەند جۆرێک چەک، پارە و ژمارەی ساختەی ئۆتۆمبێلدا.
رۆژی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە شاری هەولێر بە هاوکاریی ئاسایشی هەولێر و دهۆک "تۆڕێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا، کە سێ تۆمەتباری مەترسیدار بوون و پێشینەی تاوانیان هەبوو و کاری کڕین و فرۆشتنیان بە مادەی هۆشبەرەوە دەکرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان، لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتباراندا دەستیان گرتووە بەسەر کیلۆیەک هۆشبەر لە جۆری کریستاڵ، تریاک و جامایکا؛ هاوکات دەستگیراوە بەسەر بڕێک پارەی ساختە، ژمارەی ساختەی ئۆتۆمبێل، نارنجۆک و چەند جۆرێک چەکدا.
تۆمەتبارەکان پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە و بە فەرمانی دادوەر راگیراون.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری چاکسازییەکان بۆ رووداو، تاوەکو دوێنێ 18ـی ئەیلوول، لە هەرێمی کوردستان 5 هەزار و 204 سزادراو لە حەوت چاکسازیدا سزاکانیان بەسەر دەبەن؛ لەو ژمارەیە هەزار و 60 کەسیان بەهۆی مادەی هۆشبەرەوە سزادراوان کە دەکاتە 20٪ی کۆی سزادراوانی هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ