تەرمی سێ کارمەندەکەی دژەتیرۆری سلێمانی بە خاک سپێردران

20-09-2023
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
ساتی بە خاک سپاردنی یەکێک لە "شەهیدەکان"ـی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت
ساتی بە خاک سپاردنی یەکێک لە "شەهیدەکان"ـی هێرشەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

تەرمی سێ کارمەندەکەی دژەتیرۆری یەکێتی کە لە هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت "شەهید بوون"، لە سێ گۆڕستانی جیاواز و لە سێ ناوچەی جیاواز بە خاک سپێردران. باوکی یەکێک لە پێشمەرگەکان دەڵێت، شانازی بە "شەهیدبوونی" کوڕەکەیەوە دەکات. 
 
ئیڤان عەدنان یەکێک بوو لە "شەهیدەکان" و دوو منداڵی لەدوای خۆی جێهێشت. هاوار عوسمان 15 ساڵ هاوڕێی ئیڤان عوسمان بووە، لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنەکەی بە رووداوی گوت، "ئێمە 15 ساڵ هاوڕێ بووین، رۆژێک نیگەرانیمان نەبوو، بەڕاستی ئازاری [لەدەستدانی] زۆر سەختە." 
 
گۆڕستانی کەڵکن لە سلێمانی، بووە دوا مەنزڵی رابەر ئەنوەر و دوو منداڵەکەی جێهێشت، رابەریش لە رووداوەکەی دوێنێی فڕۆکەخانەی عەربەت "شەهید" بوو. 
 
باوکى رابەر، سەرەڕای هەموو ئازارە دەروونییەکانی، بە رووداوی گوت، "کاتێک دەبینم ئەم هەموو خەڵکە لە چواردەورمن، ئازارەکەم کەم دەبێتەوە، کوڕی من لە رێگەی کوردستان و کارێکی جواندا گیانی بەخت کردووە و شانازیی دەکەم."
 
هیوا قادر، یەکێکی دیکە لە "شەهیدەکان" بوو، ئەو لە گۆڕستانى شێخ محێدین لە کەرکووک کەسوکارەکەی بۆ دوایین جار ماڵئاواییان لێکرد، هیوا، هێشتا ژیانى هاوژینى پێکنەهێنابوو. 
 
ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لەبارەی "شەهیدبوونی" سێ ئەندامەکەی دژەتیرۆر بە رووداوی راگەیاند، "دژەتیرۆر شوێن نەماوە قووربانی بۆ نەدات، بەڕاستی عێراق بەرپرسیارە لە لێکۆڵینەوەی ئەم تاوانە."
 
تاوەکو ئێستا جگە لە گوتەبێژی هێزە چەکدارەکانی عێراق کە گوتی، درۆنەکە لە تورکیاوە هاتووەتە عێراق و سلێمانی، هیچ وڵات و لایەنێک خاوەندارێتی هێرشەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیاش ئەمڕۆ سێشەممە، 19-9-2023، راگەیێندراوێکی لەبارەی رووداوەکەی فڕۆکەخانەی عەربەت لە پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "پێشهاتەکانی ئەو تەقینەوەیەی رۆژی 18ی ئەیلوولی 2023 لە فڕۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی روویاندا جێگەی سەرنجن. وا زانراوە لەکاتی تەقینەوەکەدا ئەندامانی گرووپی دژە تیرۆری سەر بە یەکێتی لەگەڵ تیرۆریستانی پەکەکە/یەپەگە راهێنانیان کردووە. ئەم پێشهاتە بە روونی، بوونی هاوئاهەنگی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمنیی یەکێتی لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی نیشاندەدات."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.