رووداو دیجیتاڵ
مامۆستایەکی دانیشتووی سلێمانی 15ـی ئەیلوول لە سنووری کۆیە خنکا، ئەمشەو سێشەممە تەرمەکەی دۆزرایەوە.
شەوی سێشەممە، 19ـی ئەیلوولی 2023، عەمید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئەمشەو نزیکەی کاژێر 09:30 تەرمی مامۆستا گۆران لەلایەن هاونیشتمانیانەوە لە سنووری گۆپتەپە دۆزرایەوە، ئەویش دوای ئەوەی تەرمەکەی سەرئاو کەوتبوو."
رۆژی هەینی، 15ـی ئەیلوولی 2023، دوو هاونیشتمانی لە زێی بچووک خنکان؛ یەکێک لە رووداوەکان لە سنووری ناحیەی تەقتەق بوو و ئەوی دیکەش لە سنووری ناحیەی ئاشتی لە قەزای کۆیە. یەکێک لەوانەی گیانی لەدەستدا ناوی گۆران ئەحمەد بوو کە مامۆستای وانەبێژ و دانیشتووی پارێزگای سلێمانی بوو. هاونیشتمانییەکەی دیکە ناوی یوسف دارا عەبدولخالق و تەمەنی 14 ساڵ و دانیشتووی کەرکووک بوو. یوسف هەمان رۆژ تەرمەکەی دۆزرایەوە.
هەردوو هاونیشتمانییەکە بۆ سەیران چووبوونە سنووری کۆیە لە پارێزگای هەولێر و بەهۆی نەشارەزاییەوە لە مەلەکردن خنکان.
ساڵانە لە وەرزی هاویندا ژمارەی خنکان لە ئاو و چەمەکانی هەرێمی کوردستان بەرز دەبێتەوە؛ رۆژی 8ـی ئەیلوول، لە سێ رووداوی جیادا لە زێی گەورە لە قەزای خەبات لە سنووری پارێزگای هەولێر، سێ کەس خنکان.
بەگوێرەی ئاماری ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو سەرەتای مانگی ئاب، 61 کەس لە سنووری هەر چوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان لە ئاودا خنکاون.
بەگوێرەی ئامارەکە، تاوەکو ئەو رێککەوتە 27 کەس لە سنووری پارێزگای هەولێر، 19 لە پارێزگای دهۆک، 14 لە پارێزگای سلێمانی و یەک کەسیش لە پارێزگای هەڵەبجە خنکابوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ