رووداو دیجیتاڵ
جەمال ئاشاری تەمەن 50 ساڵ، بەهۆی نەخۆشیی فرەکیسی گورچیلەوە، گورچیلەکەی لە قەبارەی ئاسایی خۆی زۆر گەورەتر بوو و بەو هۆیەوە تووشی هەناسەتووندی و ئازارێکی زۆر ببوو.
جەمال بەردەوام بە دەست ئازاری گورچیلەوە دەیناڵاند، بۆیە کاتێک سەردانی نەخۆشخانەی فێرکاری مێردینی کرد، لەوێ پزیشکەکان بڕیاریان دا نەشتەرگەریی بۆ بکەن.
سلێمان ساغر، پزیشکی نەخۆشخانەکەیە و دەڵێت، "گورچیلەی مرۆڤی ئاسایی درێژییەکەی 12 سانتیمەتر و کێشەکەشی 120-150 گرامە، بەڵام گورچیلەی نەخۆشەکەمان درێژییەکەی گەیشتبووە 36 سانتیمەتر و کێشیشی شەش کیلۆگرام بوو. یەکەمجار بوو گورچیلەیەک بەم قەبارەیە دەربهێنین".
نەخۆشییەکەی جەمال لە تەمەنی 35 ساڵیدا دەستنیشانکراوە. پێشتریش سێ برای بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە گیانیان لەدەستدابوو.
جەمال ئاشار دەڵێت، "دواتر زانیمان کە نەخۆشییەکە بۆماوەییە. کاتێک گورچیلەیەکی وا گەورەم بینی تووشی شۆک بووم. سوپاس بۆ خودا ئێستا وەکو باڵندە سووکم. نەمدەتوانی سێ مەتر بڕۆم، هەناسەم بۆ نەدەدرا."
نەشتەرگەرییەکەی جەمال کاژێر و نیوێکی خایاند. ئێستا لە نەخۆشخانەیە و بەردەوامە لە وەرگرتنی چارەسەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ