رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لەکاتی گەڕانەوە بە (مارین وەن) هێلیکۆپتەرە تایبەتەکەی بۆ فڕۆکەخانەی هێسرۆی لەندەن، کێشەیەکی تەکنیکی دروست دەبێت بۆیە ناچار دەبێت لە فڕۆکەخانەی دووەمی لەندەن کە بە (لووتن) ناسراوە هێلیکۆپتەرەکەی بگۆڕێت تاوەکو بگاتەوە بە فڕۆکەکەی.
کارۆلاین لیڤیت، گوتەبێژی کۆشکی سپی، لەبارەی "نیشتنەوەی بەپەلە"ـی هێلیکۆپتەرە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "کێشە تەکنیکییەکە بچووک بووە و هێلیکۆپتەرەکە نیشتەوە، بەڵام دوای نزیکەى 20 خولەک بەڕێکەوتەوە و گەیشتە شوێنی مەبەست."
گوتەبێژی کۆشکی سپی باسی لەوەش کردووە: "بڕیارەکە بە بەپەلە، بەڵام بە وریایی دراوە و سەرۆکی ئەمریکا و خانمی یەکەم، بە سەلامەتی چوونەتە هێلیکۆپتەرێکی دیکە."
بە گوێرەی میدیای بەریتانیا، لەگەڵ ئاگادارکردنەوەی لایەنی پەیوەندیدار لە لەندەن، بە خێرایی تیمەکانی فریاگوزاری گەیشتوونەتە فڕۆکەخانەکە بۆ هاوکاریی هێلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئەمریکا ئامادە بوون.
مارین وەن هێلیکۆپتەرە تایبەتەکەی سەرۆکی ئەمریکایە و بە "سەر سپی" ناسراوە، ئەمەش بەهۆی رەنگەکەیەوە. جگە لەوەی سیستمی بەرگریی دژە مووشەکی، تێکدانی رادار و ئامێری ئەلیکترۆنی بۆ بەرگەگرتنی لێدان، تێیدا دابین کراوە.
هێلیکۆپتەرەکە زۆرجار ژمارەیەک فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو لەدەوورییەوە دەفڕن، وەک فرۆکەکانی ئۆسپرەی MV-22.
ترەمپ لە سەردانەکەیدا بۆ بەریتانیا، کە دووەم سەردانی فەرمی بوو بۆ ئەو شانشینە، هێلیکۆپتەرەکەی بەکارهێنابوو بۆ گواستنەوەی نێوان شوێنە جیاوازەکان.
سەرۆکی ئەمریکا لەو سەردانەیدا لەگەڵ شا چارلزی سێیەم، شای بەریتانیا و شاژن، بەشداریان لە رێوڕەسمێکی شاهانەی کۆشکی وینزەر کرد. هەروەها لەگەڵ کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە شوێنی حەوانەوەی ستامەر لە کۆشکێکی دەرەوەی شاری لەندەن کۆبووەوە.
لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیی هاوبەشدا، هەردوولا باسیان لە چەندین پرس کرد لەوانە؛ ئۆکرانیا، غەززە و کۆچبەران.
هەروەها ترەمپ ئاشکرای کرد، "جیاوازییەکی زۆری" لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا هەبووە لەسەر پرسی داننان بە دەوڵەتى فەلەستین دا و لە کاتێکدا ستامەر پلانی هەیە پێش کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەفتەی داهاتوودا، دان بە دەوڵەتى فەلەستیندا بنێت.
ترەمپ پێیوایە ئەو بڕیارەی وڵاتان لە بەرژەوەندیی بزووتنەوەی حەماسە و زیان بە هەوڵەکانیان دەگەیێنێت بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگی ساڵ و 11 مانگییەکەی غەززە

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ