کوردستان
هێرشکارەکە بە چەقۆ لە سکی مامۆستایەکی داوە و مامۆستایەکی دیکەشی بریندار کردووە کە هەوڵی ناوبژیی دابوو
رووداو دیجیتاڵ
کەسێک لە شاری وانی باکووری کوردستان بە چەقۆ هێرشی کردە سەر دوو مامۆستا و برینداری کردن. پۆلیس هێرشکارەکەی دەستبەسەر کرد.
رووداوەکە ئەمڕۆ هەینی 19ی ئەیلوولی 2025 لە قوتابخانەیەک لە قەزای رێیا ئارمووشێ لە پارێزگای وان روویدا. بەگوێرەی زانیارییەکان، کەسێک بەهۆی کێشەیەکی کۆنەوە بە چەقۆوە چووەتە قوتابخانەیەک و هێرشی کردووەتە سەر مامۆستایەک بە ناوی (ر.ا).
هێرشکارەکە چووەتە ئەو پۆلەی چاوەڕوان کراوە ئەو مامۆستایەی لێ بێ، بەڵام لەوێ هێرشی کردووەتە سەر مامۆستایەکی دیکە بە ناوی (ئەرهان شاهین) و بە چەقۆ لە سکی داوە.
دواتر، مامۆستایەکی دیکە بە ناوی (رەحمی یوجەل) ویستوویەتی رێگری لە هێرشکارەکە بکات، بەڵام ئەویش بریندار کراوە. دواتر مامۆستایان توانیویانە هێرشکارەکە بوەستێنن.
پۆلیس ئاگادارکرایەوە و چووە شوێنەکە و هێرشکارەکەی دەستبەسەر کرد. هەردوو مامۆستا بریندارەکەش بە ئەمبوڵانس گەیێندرانە نەخۆشخانە و قوتابییەکانیش بەهۆی ترس و دڵەڕاوکێوە نێردرانەوە ماڵەوە.
لقی وانی سەندیکای فێرکاران و کارمەندانی زانست لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "هاوکارەکانمان، ئەرهان شاهین و رەحمی یوجەل بۆرا، لە قوتابخانەی شەهید کەمال گۆرگولو لەنێو پۆل و لەبەرچاوی منداڵان لەلایەن کەسێکەوە بە چەقپ هێرشیان کرایە سەر و گەیێندرانە نەخۆشخانە."
سەندیکاکە دەڵێت، "جارێکی دیکە دەرکەوت کە گیانمان لە شوێنی کارەکانمان پارێزراو نییە. نامانەوێ بەهۆی ئەو رێکارانەی بۆ پاراستنی ئاسایشی قوتابخانەکان نەگیراونەتەبەر و ئەو میکانیزمانەی رێگری لە تووندوتیژی ناکەن، بمرین. قوتابخانەی ئاراممان دەوێت."
بەگوێرەی ئاماری نافەرمی، پار لە باکووری کوردستان و تورکیا 3 هەزار و 773 شەڕ و پێکدادان روویانداوە و لەو رووداوانەدا 2 هەزار و 318 کەس گیانیان لەدەستداوە و 3 هەزار و 820 کەسیش بریندار بوون. 763 لەو رووداوانە لە باکووری کوردستان روویانداوە و 483 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 63 کەسیش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ