کەشناسی: سبەی خۆڵبارین نامێنێت

19-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کەشناسیی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات سبەی شەپۆلی خۆڵبارین کۆتایی بێت. شارەزایەکی کەشناسییش دەڵێت، پلەی گەرما چەندین پلە دابەزیوە.
 
ئەمڕۆ هەینی 19ی ئەیلوولی 2025 عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "خێرایی با لە ناوچەکانی نێوەڕاست و باشووری وڵات چالاک بووە کە بووەتەهۆی بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵی نێوخۆیی کە گەیشتووەتە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان."
 
گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی عێراق دەڵێت، "خۆڵبارینەکە لە هەرێمی کوردستاندا زۆر ناخایەنێ و بە ئەگەری زۆرەوە سبەی کۆتایی دێت."
 
کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش باس لەوە دەکات، سبەی شەممە کەشەکە سەقامگیر دەبێ و خۆڵبارینەکە کۆتایی دێت.
 
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی شەپۆلی خۆڵبارینەکەوە مەودای بینینى ئاسۆیی لە سنووری بەشێک لە شار و شاروچکەکانى باشووری کوردستان لە کاژێر 06:00ی ئێوارە رۆژى هەینییەوە کەمبووەتەوە و بەم شێوەیە:
 
هەولێر؛ 900 مەتر
شەمامک؛ 3 کیلۆمەتر
پیرمام؛ 6 کیلۆمەتر
سلێمانى؛ یەک کیلۆمەتر
چەمچەماڵ؛ 2 کیلۆمەتر
دهۆک؛ 9 کیلۆمەتر
زاخۆ؛ 10 کیلۆمەتر
کەرکووک؛ 2 کیلۆمەتر
خورماتوو 4 کیلۆمەتر
 
هاوکات محەممەد کەمال، شارەزای کەشناسی بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکرێ ئەم شەپۆلە تاوەکو نیوەڕۆی سبەی بەردەوام بێ و دواتر کۆتایی بێت."
 
محەممەد کەمال گوتیشی، "پلەی گەرما لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆلی خۆڵبارینە بە چەند پلەیەک دابەزیوە و ئیدی کەشی پاییزە هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە."
 
لەبارەی بارانبارین، ئەو شارەزای کەشناسییە ئاماژەی بەوە کرد: "ئەمڕۆ لە بەشێکی ناوچە شاخاوییەکان نمەباران باری، بەڵام شەپۆلەکە کۆتایی هات."
 
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی پلەی گەرما بەم شێوەیە دەبێت:
 
هەولێر؛ 34 پلەی سیلیزی  
سلێمانی؛ 34 پلەی سیلیزی
دهۆک؛ 34  پلەی سیلیزی
ئامێدی؛ 29 پلەی سیلیزی
ئاکرێ؛ 33 پلەی سیلیزی
کەرکووک؛ 35 پلەی سیلیزی  
زاخۆ؛ 35 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە؛ 35 پلەی سیلیزی
سۆران؛ 31 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران؛ 21 پلەی سیلیزی
گەرمیان؛ 37 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە