لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 700 هەزار هاونیشتمانی بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت

19-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە 5 ملیۆن و 386 هەزار و 51 هاونیشتمانی لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 702 هەزاریان فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراکیان پڕ نەکردووەتەوە و بەشەخۆراکی مانگی شەشیان دەبڕدرێت.
 
02ـی حوزەیرانی 2025، پڕکردنەوەی فۆرمی ئەلیکترۆنیی خۆراک دەستیپێکرد، دوای چەند جارێک درێژکردنەوەی کاتەکە، 02ـی ئەیلوول تۆمارکردن راگیرا.
 
پێش فۆڕمی ئەلیکترۆنی، لە سنووری پارێزگای هەولێر لە زیاتر لە ملیۆنێک و 984 هەزار کەس مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت.
 
سیامەند قادر نانەکەلی، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە هەولێر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "11%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمیان پڕنەکردووەتەوە، کە دەکاتە نزیکەی 250 هەزار کەس".
 
لە سلێمانی ملیۆنێک و 967 هەزار و 51 هاونیشتمانی بەشەخۆراکی مانگانەیان وەردەگرت.
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "87%ـی هاونیشتمانیان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و 13%یان پڕیان نەکردووەتەوە".
 
بە گوێرەی ئاماری پێشوو و ئەوانەی فۆڕمەکەیان پڕنەکردووەتەوە، لە سلێمانی نزیکەی 260 هەزار هاونیشتمانی خۆیان تۆمار نەکردووە و بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت.
 
لە دهۆک زیاتر لە ملیۆنێک و 320 هەزار کەس لە رێگەی فۆڕمی خۆراکەوە پێشتر مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت.
 
حوسێن سەبری، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوایین جار کە داتامان لە بەغداوە وەرگرتبێت گوتیان 86%ـی خەڵک پڕیانکردووەتەوە، ئیتر زانیاری نوێیان پێنەداوین".
 
لە دهۆک 14%ـی هاونیشتمانیان لە فۆڕمی خۆراک ئەلیکترۆنی خۆیان تۆمار نەکردووە، واتە زیاتر لە 187 هەزار و 600 کەس فۆڕمەکەیان پڕنەکردووەتەوە و بەشەخۆراکیان دەبڕدرێت.
 
هەروەها مەریوان هادی، بەڕێوەبەری بازرگانی و کەلوپەلی خۆراک لە هەڵەبجە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "90%ـی هاونیشتمانیانی سنوورەکەمان فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە".
 
لە هەڵەبجە 115 هەزار هاونیشتمانی مانگانە بەشەخۆراکیان وەردەگرت. مەریوان هادی دەڵێت: "103 هەزار کەس تۆمارکراون و 12 هەزاریان تۆمار نەکراون، ئێستا کە بەشەئارد دابەش دەکرێت بەشەکەیان بڕدراوە".
 
چارەنووسی بەشەخۆراکی ئەوانەی خۆیان تۆمار نەکردووە
 
ئاراس محەممەد، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ: "داوامان کردووە هەرچی زووە خزمەتگوزارییەکانی فۆڕمەکە بکرێنەوە، چونکە خەڵکێکی زۆرمان ماوە فۆڕمیان پڕنەکردووەتەوە، هەزاران منداڵ لەدایکبوون و تۆمار نەکراون".
 
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی پسوولەی خۆراکی سلێمانی ئاماژەی بەوەکرد، لە داهاتوودا هەر زیادکرن و تۆمارکردنێک لە فۆڕمی خۆراک بە پارە دەبێت، ئەو کەسەشی زانیارییەکانی نوێ دەکاتەوە، دەبێت هەژماریی بانکیی هەبێت، چونکە پارەکەش بە ئەلیکترۆنی دەدرێت.
 
لەبارەی چارەنووسی بەشەخۆراکی ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ خۆیان تۆمار نەکردووە، بەڕێوەبەری پسوولەی خۆراکی سلێمانی گوتی: "بڕیارە سەبەتەی شەشەمی خۆراکی ئەمساڵ دابەش بکرێت، ئەویش بە داتای مانگی نۆ دابەش دەکرێت، بەگوێرەی ئەوەش، هەرکەس تاوەکو 03-08-2025 ناوی تۆمار نەکردبێت، لەم مانگەدا بەشەخۆراکی سەبەتەی شەشی بڕدراوە".
 
ئەوانەی لە دوای 03ـی ئابەوە تاوەکو 01ـی ئەیلوول خۆیان تۆمار کردووە، لە مانگەکانی داهاتوودا بەشەخۆراکیان بۆ دەگەڕێتەوە.
 
بۆ نوێکردنەوە و تۆمارکردنی هەموو خێزانەکان لە فۆرمی ئەلیکترۆنی، ئەپلیکەیشنێک ئامادەکرابوو بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی بەردەستە و زانیارییەکانی تێدا تۆمار دەکرا، بڕیارە جارێکی دیکە چالاکبکرێتەوە و بەرامبەر بڕێک پارە تۆمارکردن، زیادکردن و گواستنەوەی تێدا بکرێت.
 
ئەو هاونیشتمانیانەی نەیانتوانیوە خۆیان تۆمار بکەن، جگە لەوەی بەشێکی کەمیان لە ژیاندا نەماون، زۆرینەیان ئەوانەی کە لە دەرەوەی وڵات دەژین و لە فۆڕمە ئەلیکترۆنییەکەدا دەرفەت بەوانە نەدرابوو خۆیان تۆمار بکەن، کە لە دەرەوە دەژین.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە