گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ لە شنگال دۆزرایەوە

19-09-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای بینینی ئێسکی مرۆڤ لە کۆمەڵگەی سیبا شێخ خدر لە قەزای شنگال، دەرکەوت لە ناوچەکە گۆڕێکی بەکۆمەڵ هەیە و بڕیارە لایەنی پەیوەندیدار لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات.
 
حوسێن قاسم حەسوون، راوێژکاری کاروباری ئێزدییان لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "شۆفڵێک ویستوویەتی خۆڵی بەربەستێک لابدات کە ئێزدییەکان کاتی هێرشی داعش ساڵی 2014 دروستیان کردبوو، لەوێ ئێسکی مرۆڤ دۆزرایەوە، دواتر تیمێک چوونە شوێنەکە و دەرکەوت گۆڕێکی بەکۆمەڵی لێیە".
 
لەگەڵ دۆزینەوەی ئێسک و پروسکەکە، ناسنامەی کوردێکی ئێزدی دۆزراوەتەوە بە ناوی سەیدۆ عەباس چوکۆ، کە خەڵکی سیبا شێخ خدرە لە باکووری چیای شنگال.
 
حوسێن قاسم حەسوون گوتی: "گۆڕەکە دوێنێ دۆزراوەتەوە، تائێستا بە فەرمی ئاشکرا نەبووە کە چەند رووفاتی کوردانی ئێزدیی تێدایە و لە داهاتوودا لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت".
 
تاوەکو ئەمڕۆ بە فەرمی 93 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی لە سنووری شنگال دۆزراونەتەوە، لەو ژمارەیە تەنیا 68 گۆڕیان هەڵدراونەتەوە، ئەوە جگە لە دەیان گۆڕی تاکەکەسی.
 
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ـی ئابی 2014، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، سێ هەزار و 548 نێر و دوو هەزار و 869 مێ.
 
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە سەر بە نووسینگەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، "ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارکراون 3 هەزار و 590 کەسن؛ هەزار و 211 ژن و 339 پیاو؛ هەزار و 76 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ".
 
بەگوێرەی ئاماری ئەو نووسینگەیە، تاوەکو ئەمڕۆ تەرمی 274 کەس دۆزراوەتەوە کە لەکاتی هێرشی داعشدا رفێندرابوون؛ 237 نێر و 37 مێ.
 
ئامارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن، تاوەکو ئەمڕۆ دوو هەزار و 553 کەس لە کوردانی ئێزدی بێسەروشوێنن، کە هەزار و 329 نێر و هەزار و 224 مێن.
    
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا لە شنگال لە 3ی ئابی 2024دا 11 هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن کران.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە