کوردستان
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی سەرکەوتنی کۆنگرەی بزووتنهوهى ئيسلامیی كوردستان و هەڵبژاردنی بە رابەری بزووتنەوەکە لە عیرفان عەبدولعەزیز دەکات.
رۆژی پێنجشەممە، 19-10-2023، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانەوە کردووە و بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەکەیان و هەڵبژاردنی بە سەرۆکی بزووتنەوەکە، پیرۆزبایی لێکردووە.
لە راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەکەدا سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە و پێزانینی دەربڕیوە.
رۆژی سێشەممە، 3ـی تشرینی یەکەمی 2023، کۆنگرەی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان لەژێر ناونیشانی "کۆنگرەی دامەزراندن" لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
لە کۆنگرەکەدا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز 986 دەنگی بەدەستهێنا و بە رابەری بزووتنەوەکە هەڵبژێردرا و رکابەرەکەی کامیل حاجی عەلی کە بایکۆتی کۆنگرەکەی کردبوو، 15 دەنگی کۆنگرەی بەدەستهێنا.
بەشێک لە ئەندامانی کۆنگرەی بزووتنەوە کە لە کامیل حاجی عەلییەوە نزیک بوون، بایکۆتکردنی کۆنگرەیان راگەیاند و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند، بەشداریی کۆنگرەکە ناکەن و ژمارەیەک هۆکاریان وەک پاساو هێنایەوە و رابەری ئێستای بزووتنەوەی ئیسلامی (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز)ـیشیان بە "ساختەکاری و شاردنەوەی راستییەکان" تۆمەتبارکرد.
لە بەرامبەر تۆمەتبارکردنی بە ساختەکاری لە کۆنگرەکەدا، عیرفان عەلی عەبدولعەزیز لە بەرنامەی(رووداوی ئەمڕۆ)ـی تۆڕی میدیایی رووداودا کە رۆژی 03-10-2023 پەخشکرا، ئەو تۆمەتانەی بە بێ بنەما ناوبرد و گوتی، لە کۆنگرەدا هیچ سەرپێچییەکی یاسا، رێنماییە بەرکارەکان و رێکارەکانی کۆمیسیۆن نەکرا و نوێنەری کۆمیسیۆن چاودێریی پرۆسەکەی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ