رووداو دیجیتاڵ
زیاتر لە دوو هەفتەیە بانگەشەی هەڵبژاردن لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە. سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "هەموو ئەو شوێنانەی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و هەڵواسینی فلێکس دەگونجێن، دیاریکراون و ئەوانەشی بەهۆی فلێکسەوە زیانیان بەرکەوتووە، دەتوانن لە دادگە سکاڵا تۆمار بکەن."
رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەستیپێکرد و لیست و هاوپەیمانییەکان و بەربژێرە سەربەخۆکان دەستیان بە بانگەشە کرد. لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا ژمارەیەک کەس بەهۆی کەوتنی فلێکسەکانەوە زیانی مادییان بەردەکەوێت.
رۆژی یەکشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2025، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "کۆمەڵێک شوێن دیاریکراون کە رێگەپێدراو نین بۆ هەڵواسینی فلێکس و بانگەشەی هەڵبژاردن، وەک شوێنە گشتییەکان، فەرمانگەکانی حکومەت، پارک و مزگەوتەکان. هەروەها هەڵواسینی فلێکس بە چەسپ و لەزگە قەدەخەیە، ئەمانەش لەپێناو پاراستنی سیمای شارەکان و سەلامەتیی هاووڵاتییانن."
سەبارەت بەو کەسانەی بەهۆی فلێکسەکانەوە زیانی مادی بەر خۆیان، ئۆتۆمبێل، خانوو و دووکانەکانیان کەوتووە، نەبەرد عومەر گوتی، "کۆمیسیۆن لەو بابەتە بەرپرسیار نییە و پەیوەندیی بە شارەوانی و پارێزگاکانەوە هەیە. بەپێی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن، کەس لەلایەن ئێمەوە قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام دەتوانن سکاڵا بکەن و سکاڵاکان رێکاری خۆیان وەردەگرن و لێکۆڵینەوە و رێکار لەو بارەیەوە دەگیرێتەبەر، دادگە زیانەکان و قەرەبووەکەشی دیاری دەکات".
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە رووداوی گوت، "تاکە چارەسەر بۆ ئەوەی ئەو کەسانەی زیانیان بەرکەوتووە بتوانن داوای قەرەبوو بکەن، سکاڵایە لە دادگە و داوای قەرەبووی زیانەکانیان بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک زیانی بەرنەکەوتووە و هیچ حاڵەتێکی وا تۆمار نەکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ