رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو و گەیاندنی داواکاریی کەسوکاری 41 گەنجی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین کە لە لیبیا گیریانخواردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لە یەک هەفتەدا هەموویان دەگەڕێندرێنەوە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان دڵنیایی بە کەسوکاری ئەو کۆچبەرانە دەدات و دەڵێت، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، "لە سەرەتای بارودۆخەکەوە تیمێکی تایبەت لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەت بەتایبەت هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، راسپێردراون بۆ تەواوکردنی سەرجەم رێکارەکانی رزگارکردنیان لە لیبیا و گەیاندنەوەیان بە سەلامەتی بۆ هەرێمی کوردستان".
لە راگەیێنداوەکەدا هاتووە: "دڵنیاتان دەکەینەوە لە ماوەی هەفتەیەکدا پشتیوان بە خوا، رێکارە پێویستەکان تەواو دەبن و ئەو گەنجانە دەگەیێندرێنەوە هەرێمی کوردستان".
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەوانەی لە لیبیا گیریانخواردووە 41 هاونیشتمانین و زیاتر لە دوو مانگە لەو وڵاتەن.
لە دوایین بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداودا، 16ـی ئەم مانگە محەممەد عەبدولڕەحمان، باوکی یەکێک لە کۆچبەرەکان بە ناوی دانیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کوڕەکەم پەیوەندی پێوەکردم و گوتی 41 کەس چاوەڕوانی گەڕاونەوەین، داواکارین حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هەرچی زووە کار بۆ گەڕاندنەوەیان بکەن".
12ـی ئەم مانگە، ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە لیبیا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، 41 کۆچبەری کورد بۆ گەڕاندنەوەیان ئامادەن و ئێستا لە ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی کۆچی نایاسایی لە رۆژهەڵاتی تەرابلووسن.
پاسپۆرتی کاتی بۆ هەر 41 کۆچبەرەکە دەرکراوە و بڕیار بوو هەفتەی رابردوو بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان.
ئەم ساڵ چەند جارێک گرووپی دیکەی گەنجانی کورد لە لیبیا دەستگیرکراون و گەڕێندراونەتەوە هەرێمی کوردستان، کە دەیانەوێت لەو وڵاتەوە خۆیان بگەیێینە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا.
دوایین کاروانی کۆچبەران لە لیبیا 25 کەس بوون لە 10ـی ئەیلوولی 2025 گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ