رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی لیستی یەکێتی لە هەولێر کشایەوە، رووداو هۆکاری کشانەوەی ئەو بەربژێرە لە زاری ئامۆزایەکیییەوە ئاشکرا دەکات، سەرلیستی یەکێتیش لە هەولێر کشانەوەی ئەو بەربژێرەی پشتڕاست کردەوە.
رەوا یاسین بەربژێر بوو لە لیستی یەکێتی لە هەولێر، رۆژی 10ـی 10ـی 2025 بە رووداوی راگەیاند : "راپۆرتی پزیشکیم پێشکێشی کۆمیسیۆن کردووە لە بارەی تەندروستیمەوە و و داوای گۆڕینم کردووە''.
بەڵام هەفتەیەک زیاتر دوای ئەو داوایە و گۆڕینی ناوی ئەو بەربژێرە بۆ سروە موحسین، هێشتا ناوی دەرنەهێنراوە و گۆڕینی بەربژێرەکە پەسندنەکراوە.''
هەرێم کەمال ئاغا سەرلیستی یەکێتی لە هەولێر بەبێ باسکردنی هۆکارەکەی هەواڵی کشانەوەی بەربژێرەکەیانی بۆ رووداو پشتراستکردەوە، رەوا یاسین لە رونکردنەوەیەکدا بڵاویکردووەتەوە، "لە پێناو بەرژەوەندی گشتی، یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و دەنگدەرانم پاشەکشە دەکەم."
جووتیار یوسف، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی کە ئامۆزای رەوا یاسینە رۆژی یەکشەممە 19-10-2025 بە رووداوی راگەیاند: "ئامۆزاکەم لەبەر من کشایەوە و پێمان گونجاو نەبوو هەردووکمان وەکو ئەندامی یەک بنەماڵە ببینە پەرلەمانتار." هەرچەندە هێشتا هەڵبژاردن نەکراوە و دیاریش نییە لە هەولێر کێ دەنگی خەڵک دەباتەوە و دەگاتە پەرلەمان.
جووتیار یوسف دەڵێ: "رەوا یاسین دەستبەرداری حیزب نەبووە و بانگەشە بۆ یەکێتی دەکات، ئەگەرچی داوای کشانەوەی کردووە، بەڵام ناوی لە لیستی بەربژێران ماوە، بۆیە هیچ بانگەشەیەکی بۆ ناکەین."
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بازنەی هەولێر 29 بەربژێری هەیە، بە کشانەوەی ئەو بەربژێرە 28 بەربژێری حیزبەکە لە بازنەکەدا دەمێننەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ