رووداو دیجیتاڵ
بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە ناحیەی قەراجی سەر بە قەزای مەخموور کرایەوە. بەرپرسی لقی 23 پارتی دیموکراتی کوردستان بەڵێن دەدات کە ''سەرجەم ئەو ناوچانەی دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر داگیر کران، بخرێنەوە سەر هەرێمی کوردستان.''
ئەمڕۆ یەکشەممە 19-10-2025، پارتی دیموکراتی کوردستان دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە داخرانی، جارێکی دیکە بارەگای خۆی لە ناحیەی قەراجی سەر بە قەزای مەخموور کردەوە. سەنگەر کانەبی گەورە، بەرپرسی لقی 23ی پارتی لە رێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پیشکێشکرد و بە خەڵکی دەڤەرەکەی رایگەیاند، ''جارێکی دیکە دەگەڕێینەوە قەراج و بۆ هەتاهەتایە لەگەڵتان دەمێنینەوە.''
قەراجی کوردنشین، دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەر بووەتە زۆرینە عەرەب. سەنگەر کانەبی گەورە باسی لە دۆخی پێکەوەژیانی ناحیەکە کرد و گوتی، ''خەڵکی ئەو سنوورە بە کورد و عەرەبەوە دەیان چیرۆکی بەرگریکردن لە یەکدییان هەیە و لەکاتی سەختیەکاندا، بەردەوام بە هانای یەکدییەوە چوون.''
بەرپرسی لقی 23 پارتی ئاماژەی بەوەش کرد، کورد و عەرەبی ناوچەکە سەتان ساڵە پێکەوە دەژین، ''باشترین نموونەش ئەوەیە کە سەرجەم کوردەکان زمانی عەرەبی دەزانن و هەموو عەرەبەکانیش کوردی دەزانن.''
دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017، بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیان بەسەرداگیرا. سەنگەر کانەبی بەڵێنی دەدات، ''هەموو ئەو سنوورانەی کە لە 16ـی ئۆکتۆبەر داگیرکران، دەیانگەڕێنینەوە سەر هەرێمی کوردستان و خزمەت بە کورد و عەرەبی ناوچەکان دەکەین.''
بەرپرسی لقی 23 پارتی دەڵێت، بە زووترین کات لیژنەی ناوچەی قەراجی پارتی دیموکراتی کوردستان پێکدەهێنرێت و دەست بە چالاکییەکانی خۆی لەو دەڤەرە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ