پارێزگای ورمێ خاوەنی 31% یەدەگی زێڕی ئێران و بەرهەمهێنەری 35% زێڕی وڵاتەکەیە

19-10-2025
سینا سۆما
گوندەکە بەدەست بێکاری و پیسبوونی ژینگەکەیەوە دەناڵێنێت.
گوندەکە بەدەست بێکاری و پیسبوونی ژینگەکەیەوە دەناڵێنێت.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوندێکی ورمێ، لە گەورەترین کانی زێڕی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە نزیکە، بەڵام بێ خزمەتگوزارییە و خەڵکەکەشی بێکارن. کاریگەریی کانەکە، تەنیا پیسکردنی ژینگەی گوندەکەیە، بەجۆرێک گەنجە خاوەن بڕوانامەکانیش لە بێ کارن.
 
عەبدوڵڵا، هاونیشتمانییە و دەڵێت، "بەداخەوە ئەو کارگەیە تەنیا شتێکی کە بۆ ئێمە ماوەتەوە، پیسکردنی ژینگەیە. ئەوەش دۆخی رێگەوبانەکەمانە کە هیچ پێرانەگەیشتوون. هیچ کارێکیان بۆ ئێمە نەکردووە. من کوڕێکم ژمێریاری تەواو کردووە، کاری نییە و بێکارە، کارێکیان نەداوەتە ئێمە."
 
کانی زێڕی زڕەشۆران گەورەترین کانی زێڕی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە و ساڵانە 1.5 تۆن زێڕ لێی بەرهەم دێت. بڕیارە بە تەواوبوونی قۆناخی دووەمی پەرەپێدانی کانەکە، بەرهەمهێنانی بۆ سێ تۆن لە ساڵێکدا بەرزبێتەوە.
 
بەرپرسانی پارێزگای ورمێ رایانگەیاندووە، بە پەرەپێدانی کانەکە هەلی کار بۆ زیاتر لە 500 کەسی دیکە دەرەخسێندرێت، بەڵام خەڵکی ناوچەکە هیوایان بە دامەزراندن لە کانەکە نییە.
 
هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی هەڵۆچەی خواروو دەڵێت، "کارگەی زێڕي زڕەشۆران خوانێکی رەحمەت و بەرەکەتە لەم ناوچەیە، بەڵام بەداخەوە بۆ ئاوایی هەڵۆچەلی جگە لە زەلیلی و بەخت رەشی و پیسکردنی ژینگە، هیچی دیکەی نییە. خەڵکی ئێمە ئێستا بێکارن و هەر کەسێک کە دەڕوات و داوای کار دەکات، دەڵێن، کەس وەرناگرین، بەڵام زۆر باش ئاگادارین کە رۆژانە دوو سێ کەس بە واستە وەردەگیرێن."
 
خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، کانەکە خێری بۆ ناوچەکە نەبووە و گەنجەکانیان ناچارن بەرەو شارە گەورەکان کۆچ بکەن.
 
دانیشتووێکی دیکەی گوندەکە دەڵێت، "ئێمە گوناحمان چییە، زەویمان هەیە لەو ناوە. ناوچەکەی خۆمانە بۆ کار بۆ ئێمە نییە. بۆ دەبی بچین بۆ تاران و بۆ غوربەت. دایک و باوک و خێزانمان بەجێبهێڵین و بچین بۆ ئەولا. ئێستا بەخوا ئۆتۆمبێلێکم هەیە و کاری گواستنەوە دەکەم و خاوەنی سێ منداڵم. مۆڵەتی شۆفێری پایە یەک و لیفتراکم وەرگرتووە، گوتیان داتاندەمەزرێنین، ئەی کوا؟"
 
لە ناوچەی تیکاب جگە لە کانی زڕەشۆران، کانی زێری ئاغەرەش هەیە و بڕێ یەدەگی بەردی زێری ناوچەکە بە زیاتر لە 35 ملیۆن تۆن دادەنرێت. 
 
ئەنوەر خوسرەوی، کرێکارە و باس لەوە دەکات، "گەورەترین چاوەڕوانیمان ئەوەیە کە گەنجەکانمان لە کانەکە دابمەزرێنن. ئێستا ئەو کوڕە دیپلۆمی هەیە و بێکارە. کوڕی خۆم هەفتەیەکە زەماوەندی کردووە، لەوانەیە ژنەکەی بەجێبهێڵی و بڕواتە تاران."
 
پارێزگای ورمێ زیاترین یەدەگی زێڕی هەموو ئێرانی لێیە و خاوەنی 31٪ی یەدەگی زێڕی وڵاتەکەیە. هەروەها نزیکەی 35٪ی زێڕی ئێران لەو پارێزگایەدا بەرهەم دێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.