رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق داوا لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەکات گرێبەستی نوێ بۆ ئەو جووتیارانە بکات کە بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە بەرژەوەندییاندایە. بەڕێوەبەری کەرکووکی ئۆفیسی مادەی 140ـی دەستوور دەڵێت، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد و تورکمانە.
بەپێی نووسراوی ژمارە 2809ـی لیژنەی باڵای مادەی 140ـی دەستووری عێراق کە رۆژی پێنجشەممە 16-11-2023 بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی نێردراوە، لیژنەکە داوا لەو وەزارەتە دەکات دەست بە واژۆکردنی گرێبەستی نوێ بۆ ئەو جووتیارانە بکات کە بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012ـی ئەنجوومەنی وەزیران لە بەرژەوەندییاندایە.
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023 کاکەڕەش سدیق، بەرپرسی ئۆفیسی کەرکووکی مادەی 140ـی دەستووری عێراق لەبارەی بڕیارەکەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "کارێکی باشە و بریتییە لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرێبەستانەی کە بەپێی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری بەعس، لەسەر زەویی جووتیارانی کورد و تورکمان کراون. ئێستا سەرقاڵی ئەوەین بزانیان کام بڕیار و یاسا باشە بۆ ئەوەی ئەو زەوییانەی پێ بەکاربهێندرێت. خۆم چاکسازیی کشتوکاڵیم پێ باشترە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لای جووتیارانە کە دەبێت راپرسییەکیان بۆ بکەین."
لە ساڵی 1975ـەوە زیاتر لە 400 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەستی بەسەردا گیراوە و بەشی زۆری ئەو زەویانە بە ناوی وەزارەتەکانی عێراقەوە کراون، وەکو وەزارەتەکانی نەوت، بەرگری، دارایی و کشتوکاڵ.
رۆژی 19-06-2023 هادى عامرى، سەرۆکى لیژنەى باڵاى جێبەجێکردنى مادەى 140 نووسراوێکى ئاراستەى وەزارەتى کشتوکاڵى عێراق کرد و تێیدا جەختی لەسەر جێبەجێکردنى بڕیارى ژمارە 29ـی ساڵى 2012 کردەوە کە لەلایەن ئەنجوومەنى وەزیرانى ئەو کاتی عێراقەوە دەرکرا بۆ هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بڕیارەکانى کاروبارى باکوورى سەردەمى دەسەڵاتی بەعس.
لە کۆبوونەوەی رۆژی 24-1-2012یدا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ژمارە 29ـی دەرکرد کە بریتییە لە:
- هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکووری هەڵوەشاوە کە پەیوەندییان بە سڕینەوەی مافی مامەڵەکردن بە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ئەو کەسانەوە هەیە کە عەرەب نین، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی لەگەڵیان کراوە کە لە راسپاردەکانی لیژنەی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستووری عێراق هاتووە.
- قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی لە هەڵوەشاندنەوەی بڕگەی یەکەم زەرەمەند دەبن.
بەپێی نووسراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵی کەرکووک کە رۆژی 11ـی ئەیلوولی 2023 بە ژمارە 21081 دەرچووە و ئاراستەی هۆبە و یەکە کشتوکاڵییەکانی "پردێ، یایجی، مولتەقا، تازە، لەیلان، سەرگەڕان، شوان و قەرەهەنجیر" بە ناونیشانی "جێبەجێکردنی راسپاردەکانی کۆبوونەوەی ژمارە 76ـی لێژنە" کراوە، بەڕێوەبەری کشتوکاڵ فەرمانی کردووە بە جێبەجێکردنی وردەکارییەکانی بڕیاری ژمارە 29ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی 2012 کە تایبەتە بە زەویی کورد و تورکمان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ