ئەندامێکی لیژنەی دارایی: هیچ لەمپەرێک لەبەردەم ناردنی 700 ملیار دینارەکە نییە

19-11-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، هیچ لەمپەرێک لەبەردەم ناردنی 700 ملیار دینارەکە بۆ هەرێمی کوردستان نییە و بەغدا چاوەڕوانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10ی هەرێمی کوردستانە بۆ ناردنی پارەکە.
 
بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، پێویستە حکومەتی عێراق 700 ملیار دیناری دیکە بۆ مووچەی هەرێمی کوردستان بنێرێت. ئەمڕۆ یەکشەممە 19-11-2023 نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسەم کرد؛ بەغدا 700 ملیاری دیکە دەنێرێت و هیچ لەمپەرێک لەبەردەم ناردنیدا نییە؛ ئەوەی هەیە چاوەڕوانی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10ـی هەرێمی کوردستانن."
 
ئەو پارەیەی بڕیارە بۆ مووچە بنێردرێت، بۆ مووچەی مانگی 9 دەبێت، لەبارەی چارەنووسی مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، نەرمین مەعرووف گوتی، "جگە لەو 700 ملیار دیناری ماوە، حکومەتی عێراق پارەی دیکە نانێرێت؛ بڕیارە مانگی 12 پاکتاوی حیساباتی ساڵ بکرێت و دواتر بڕیار لە ناردنی پارە دەدرێت."
 
تەرازووی پێداچوونەوە بریتییە لە پێداچوونەوە و حساباتی خەرجی و داهاتی مانگێکی هەرێمی کوردستان، کە پێویستە رەوانەی بەغدا بکرێت و دواتر ئەوان بڕی 700 ملیارەکە دەنێرن.
 
2ـی ئەم مانگە، 450 ملیار دینار لەلایەن بانکەکانی رافیدەین و رەشیدەوە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، ئەوەش وەک بەشێک لەو 700 ملیار دینارەی کە حکومەتی عێراق بۆ مووچە بۆ ماوەی سێ مانگ دەینێرێت؛ دواتر 6ـی مانگ 250 ملیار دیناری لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراقەوە خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق و بۆ مووچەی مانگی ئاب خەرجکرا.
 
رۆژی 14ـی ئەیلوولی ئەم ساڵ شاندێکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی بەغدا و هەولێر تایبەت بە بودجە و مووچە سەردانی بەغدای کرد ، جگە لە کۆبوونەوە لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ بەرپرسانی دیکەی عێراق و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان کۆبووەوە.
 
دواتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتە مانگانە 700 ملیار دینار، ئەوەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. تاوەکو ئەمڕۆ دوو جار پارەکە نێردراوە و بەگوێرەی رێککەوتنەکە یەک گوژمەی دیکەی 700 ملیاری ماوە بۆ ئەم ساڵ.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.