رووداو دیجیتاڵ
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی جیاواز بڵاودەکرێنەوە گوایە ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆمار دەکرێن و ژمارەیان دەدرێتێ، بەڵام گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، هیچ بڕیارێکی نوێ لەبارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە نییە. هاتووچۆی هەولێریش رایگەیاند، ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا لە شەقامەکان ببینن دەستی بەسەردا دەگرن و بە "هیچ شێوەیەک" نایدەنەوە خاوەنەکەی.
رۆژی یەکشەممە 19-11-2023 بەهمەن عەبدوڵڵا، گوتەبێژی هاتووچۆی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو دەنگۆیەک رەتدەکەینەوە؛ تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هیچ بڕیارێکی نوێی سەبارەت بەو ئۆتۆمبێلانە نەخستووەتەڕوو، کە یەکلایان بکاتەوە."
هەر لەبارەی ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانەوە، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر 16ی ئەم مانگە رایگەیاند، سەرجەم هاووڵاتییان ئاگادار دەکەنەوە، خۆیان دووربگرن لە کڕین و لێخوڕینی ئۆتۆمبێلی بێ سەرەتا و تۆمارنەکراو بە هەموو جۆرەکانیەوە.
هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەر ئۆتۆمبێلێکی بێ سەرەتا لەسەر شەقامەکان ببینرێت، لەلایەن هاتووچۆ و هێزە ئەمنییەکانی دیکەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و بە هیچ شێوەیەک نادرێتەوە خاوەنەکەی."
بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکان تۆیۆتا کڕاونن کە ناسراون بە "مەلیکە"؛ 29ـی ئاداری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان داوای لەو کەسانە کرد ئۆتۆمبێلی "مەلیکە"یان هەیە و لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ پشکنینیان بۆ کراوە، سەردانی سکانەری بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر بکەن بۆ پشکنینی ئۆتۆمبێلەکانیان لە رێککەوتی 30ـی ئادار تاوەکو 30ـی نیسان. پشکنین بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانە کرا؛ دەستیان بەسەردا نەگیراو و تۆماریش نەکران.
بەپێی ئامارە نافەرمییەکان زیاتر لە 60 هەزار ئۆتۆمبێلی بێسەرەتا و تۆمارنەکراو لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
لە هەرێمی کوردستان تەنیا رێگە بەهاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی نوێ دەدرێت؛ 10ـی ئەم مانگە ساماڵ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی ھەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و گومرگەکان، لە سەرەتای ئەم مانگەوە هاوردەکردنی ئۆتۆمبێلی مۆدێلی ساڵی 2021 راگیراوە و تەنیا ئۆتۆمبێلی مۆدێل ساڵانی 2022، 2023 و 2024 رێگەپێدراوە هاوردە بکرێت.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی پێیاندەگوترێت بێ سەرەتا و تۆمار ناکرێن ئەوانەن، کە بە قاچاخ و لە دەروازەکانەوە هێندراونەتە هەرێمی کوردستانەوە و مۆدێلیان خوار مۆدێلی رێگەپێدراوە و لە دەروازەکاندا هیچ پشکنیێکیان بۆ نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ