رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر دەڵێت، درەنگانی شەوی رابردوو سێ كۆگای دەرمان لەسەر رێگەی هەولێر – گوێر ئاگریان گرت. ئاماژە بەوەش دەکات، كۆگاكان هیچ مەرجێكی سەلامەتیی بەرگریی شارستانییان تێدا نەبووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2025 شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە رووداوی گوت، "زیاتر لە 10 تیمی ئاگرکوژێنەوەمان گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و بە ماوەیەکی کەم ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا."
بە گوتەی گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە ئەگەری تەشەنەسەندنی ئاگرەکەدا، مەترسی هەبوو سەتان کۆگای دیکە گڕبگرن و بسووتێن. ئاماژەی بەوەش کرد، کۆگاکان رێژەی مەرجی سەلامەتیی بەرگریی شارستانییان سفر بوو.
شاخەوان سەعید دەشڵێت، "توانیمان بە زوویی رێگری لە ئاگرەکە بکەین و رێگە نەدەین بپەڕێتەوە بۆ کۆگاکانی دیکە."
لەبارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، شاخەوان سەعید گوتی، "هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە تاوەکو ئێستا دەرنەکەوتووە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن." لەبارەی زیانەکەش گوتی، "تەنیا زیانی مادیی لێکەوتووەتەوە؛ خۆشبەختانە زیانی گیانی نەبووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ