رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی رایگەیاند، ئەو خانەنشین و وارسانەی کە تاوەکو ئێستا فۆڕمی 'هەژماری من'ـیان پڕ نەکردووەتەوە، لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول مووچەکانیان رادەگیرێت. سەرچاوەیەک لە وەزارەتی داراییش رایگەیاند، "30%ـی خانەنشینان فۆڕمەکەیان پڕ نەکردووەتەوە."
ڕۆژی چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "سەرجەم ئەو خانەنشین و وارسانەی کە تاوەکو ئێستا فۆڕمی 'هەژماری من'یان پڕ نەکردووەتەوە، لە کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول، مووچەکانیان رادەگیرێت تاوەکو ئەو کاتەی فۆڕمی هەژماری من پڕ دەکەنەوە."
سەبارەت بەو خانەنشینانەی کە کارتی بانکەکانیان تەواو بووە و وەریان نەگرتووەتەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی داوایان لێ دەکات، سەردانی بانکەکان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکانیان، چونکە مووچەی مانگی 10ـیان لە رێگەی پرۆژەی هەژماری منەوە بۆ خەرج دەکرێت.
ئاراز محەممەد شێخ مەمدووح، بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگای دهۆک، بە رووداوی گوت: "ئەم رێکارانە لەو چوارچێوەیەدان کە دەبێت هەموو مووچەخۆران لە سیستەمی پەیڕۆڵ تۆمار بکرێن، بۆیە دەبێت هەموو مووچەخۆران فۆڕمی هەژماری من پڕ بکەنەوە، بە پێچەوانەوە مووچەکانیان دەوەستێت."
بە گوتەی ئاراز شێخ مەمدووح، خانەنشینان لە چ بانکێک مووچە وەردەگرن، پێویستە سەردانی ئەو بانکە بکەن بۆ پڕکردنەوەی فۆڕمی هەژماری من.
لە پارێزگای دهۆک 23 هەزار خانەنشین هەن. بەڕێوەبەری خانەنشینیی پارێزگاکە رایگەیاند: "50٪ـیان فۆڕمی هەژماری منیان پڕکردووەتەوە."
هاوکات سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "وەزارەتی دارایی عێراق داوای کردووە کە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ دەبێت هەموو مووچەخۆران لە چوارچێوەی هەژماری من، هەژماری بانکییان هەبێت، بە پێچەوانەوە بۆ ساڵی نوێ مووچەکانیان رادەگیرێت، بۆیە دەبێت هەموو کەسێک بڕوات و فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە. لە دوای سەری ساڵیشەوە دابەشکردنی مووچە بەشێوەی کاش نامێنێت و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی خۆیانە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، "زیاتر لە 320 هەزار خانەنشین لە هەرێمی کوردستان هەن، لەو ژمارەیە 70%ـیان فۆڕمی هەژماری منیان پڕکردووەتەوە؛ لە ماوەی ئەو مانگ و نیوەدا دەبێت هەموویان فۆڕمەکە پڕ بکەنەوە."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی، تاوەکو ئێستا نزیکەی 90%ـی فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی و خانەنشینان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ