رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا، هیچ دادپەروەرییەک لە دابەشکردنی کورسییەکان نەبووە و دووپاتیشی کردەوە، گۆڕانکاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن قبووڵ ناکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ی تشرینی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، ئامانجی کۆڕبەندی مێپس بەدیهاتنی ئاشتییە، "بەشداربوونی سەرکردایەتی ئەنەکەسە و هەسەدە، ئاماژەیەکی باشە و هیوادارین ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێتەدی."
بە بڕوای مەسرور بارزانی، پێویستە کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێک نزیکتر ببنەوە؛ "رەنگە هەندێک بابەت هەبن کە پێویستە گفتوگۆی زیاتری لەسەر بکرێت، بەڵام هەموو ئامادەن بەرەو نزیکبوونەوە بچن."
لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، مەسرور بارزانی باسی لەوە کرد، "دوێنێ ئێمە چەند چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراق هەبوو، بەتایبەتی ئەوانەی لە هەڵبژاردن سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، ئەوان لە نێو خۆیاندا لیژنەیەکیان بۆ پێداچوونەوە و لیژنەیەکیشیان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنەکانی دیکە پێکهێناوە، ئێمە گوێ لە هەمووان دەگرین بۆ ئەوەی بزانین قۆناخی داهاتوو چۆن دەبێت."
رۆژی سێشەممە، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، باس لە "هەواڵێک" دەکەن کە هەوڵی "دەستوەردان و گۆڕین"ـی ئەنجامی هەڵبژاردن دەدرێت.
مەکتەبی سیاسی هۆشداری دا و ئاماژەی بەوەکرد، "بەهیچ شێوەیەك دەستوەردان و گۆڕینی ئاكامەكانی هەڵبژاردن بە گشتی و كۆتاكان بەتایبەتی قبووڵكراو نییە و، بە هێڵی سووری دادەنێین."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی پەیامنێری رووداو لەوبارەیەوە گوتی، "هیچ هەوڵێک قبووڵ ناکرێت، ئەو ئەنجامانەی راگەیێندراون، هەرچەندە یاسای هەڵبژاردن هیچ دادپەروەری تێدا نییە، پارتی بە زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار دەنگ 27 کورسی بەدەستهێناوە، لایەنی دیکەش هەیە بە 680 هەزار دەنگ کە نیوەی پارتییە، بەهەمانشێوە 27 کورسی بەدەستهێناوە، یان لایەن هەیە 750 هەزار دەنگ 29 کورسی بەدەستهێناوە."
گوتیشی، "هیچ دادپەروەرییەک لە دابەشکردنی کورسییەکان نەبووە، بەڵام ئەمە کێشەیەکی یاساییە و پێویستە کار بکرێت بۆ راستکردنەوەی ئەو نادادپەروەرییە، بەڵام ئەوەی تاوەکو ئێستا راگەیێندراوە، وەکو پارتی قبووڵ ناکەین کە دەستکاری ئەنجامی هەڵبژاردن بکرێت."
سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کرد، "هیوادارین زوو پێبکهێنرێ، هەرچەندە زۆریش دواکەوتووە، هەموو لایەک شایەتی ئەوەمان بۆ دەدەن پارتی هەر لە سەرەتاوە ویستوویەتی کابینەی نوێی حکومەت زوو دەستبەکاربێت، لایەنەکانی دیکە دەبێت ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ