پارتی دیموکراتی کوردستان گەڕێکی دیکەی دانوستاندن دەستپێدەکاتەوە

19-11-2025
بەشار عەزیز
بەشار عەزیز @BasharAzeez2
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێ، لە ئایندەیەکی نزیکدا گەڕێکی نوێی گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی کابینەی دەیەم دەستپێدەکات و پارتی لە دەرگای یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش دەدات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بەلای پارتییەوە پۆستی سەرۆککۆمار "بەرکەوتەی کوردە" و باس لەوەش دەکات کە "پارتی مافی خۆیەتی داوای بکات، چونکە لە رابردوودا ئەو پۆستە نەبووەتە پارێزەری دەستوور."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 19-11-2025، هیوا گەیلانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، وردەکاریی هەڵوێستی حیزبەکەی لەبارەی پێکهێنانی حکومەتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، چوارچیوەی گفتوگۆکان بۆ هەردوو کابینەی حکومەت خستەڕوو.
 
"لە خاڵی سفرەوە دەستپێدەکەین"
 
سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنی دانوستاندنەکان، هیوا گەیلانی رایگەیاند، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق "هەلومەرجێکی نوێ" هاتوەتە ئاراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا گەڕێکی نوێی گفتوگۆکان دەستپێدەکەن.
 
ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، "پێم وایە لە خاڵی سفرەوە دەستپێدەکەین، بەڵام لایەنەکانی دیکەش لەبەرچاو دەگیرێن و پارتی لە دەرگای یەکێتی و یەکگرتووی ئیسلامی و لایەنەکانی دیکەش دەدات، چونکە پارتی دەیەوێ کابینەکە فراوان بێت و هەموو لایەنەکان تێیدا بەشدار بن."
 
لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی گفتوگۆکان، ئەو بەرپرسەی پارتی ئاماژەی بەوەدا کە پارتی مەبەستی بووە پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق حکومەت پێکبێت تاوەکو پێگەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بەهێزتر بێت، "بەڵام بەداخەوە لایەنەکان ئۆپۆزیسیۆنبوونی خۆیان هەڵبژارد."
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا پارتی هەمان ئۆفەرەکانی پێش هەڵبژاردن پێشکێشی یەکێتی دەکاتەوە، هیوا گەیلانی گوتی، "بە دڵنیاییەوە نەخێر، چونکە هەلومەرج گۆڕاوە."
 
ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، "ئێمە رێز لە دەنگ و مێژووی یەکێتی دەگرین، بەڵام بەرکەوتەی هەڵبژاردن دەبێتە بنەما. ناکرێ خەڵکی کوردستان لە چاوەڕوانی لایەنێکدا بن و ئەویش بە ئاشکرا بڵێت ئێمە رێگرین لەبەردەم دروستکردنی کابینەدا."
 
هیوا گەیلانی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەگەر یەکێتی ببێتە کۆسپ، "لە بیرکردنەوەی پارتیدا هەیە بەبێ یەکێتی کابینە دروست بکات."
 
پۆستی سەرۆککۆمار و گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق
 
لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق و دەستپێکردنی دانوستاندنەکان لەوبارەوە، ئەو ئەندامەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی رایگەیاند، پارتی پۆستی سەرۆککۆمار بە مافی کورد دەزانێت، نەک لایەنێکی دیاریکراو، بەڵام گلەیی لە ئەدای ئەو پۆستەش هەیە.
 
هیوا گەیلانی گوتی، "سەرۆککۆمارێکمان دەوێ بە کردەیی پارێزەری دەستوور بێ. بەداخەوە لەو رووەوە بۆشاییمان هەیە. بۆیە مافی خۆمانە وەک پارتی، چ لە رووی خەبات و تێکۆشان و چ لە رووی ئەنجامی هەڵبژاردنەوە، داوای ئەو پۆستە بکەین."
 
سەبارەت بە بەشداریکردن لە حکومەتی نوێی عێراق، ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گوتی، پارتی دەیەوێ لایەنە کوردستانییەکان بە یەکەوە بچنە بەغدا.
 
سەبارەت بە مەرجەکانیشیان گوتی، "لای ئێمە هەموو پرسەکان یەک پاکێجن؛ جێبەجێکردنی دەستوور، مادەی 140، پرسی نەوت و گاز و شایستە داراییەکان. ئەمجارە هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوە دەبێت رێککەوتنەکە نووسراو بێ و گەرەنتیی جێبەجێکردنی هەبێ، چونکە لە دوای 2003ەوە گرفتەکە لە جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان بووە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووکاری فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک.

فۆرمی خۆراک کاراکرایەوە؛ 'بۆ تۆمارکردنی هەر ناوێک دەبێت شەش هەزار بدرێت'

فۆرمی ئەلیکترۆنی خۆراک بۆ ئەو کەسانەی بەهەر هۆکارێک ناویان تۆمارنەکردووە و بەشەخۆراکیان بڕدراوە، کارا کرایەوە. بەڕێوەبەری پسووڵەی خۆراک لە سلێمانی دەڵێ، هەر زیادکردنێکی ناو شەش هەزار دیناری پێویستە.