رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای نەینەوا پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە و حەوت کورسیی بردووەتەوە و چاوی لە کورسیی هەشتەمە، هاوپەیمابیی نەینەوا لیئەهلیهاش بە سەرۆکایەتیی نەجم جبووری، پارێزگاریی پێشووی نەینەوا پلەی دووەمی هێناوە.
بەپێی زانیارییەکانی رەنجە جەمال، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان پارتی دیموکراتی کوردستان، هێزی یەکەمە لە پارێزگای نەینەوا، پارتی 7 کورسی مسۆگەرە کردووە، چاوی لە هەشتەمینە، بەتایبەتی دەگوترێت ئەو کریستیانەی کورسی کۆتای مسۆگەر کردووە لە پارتی نزیکە.
هاوپەیمانیی نەینەوا لیئەهلیها بە سەرۆکایەتی نەجم جبووری، 6 کورسی بەدەستهێناوە و چاوی لە کورسیی حەوتەمە. هاوپەیمانی تەقەدوومی نیشتمانیی بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی 4 کورسی، هاوپەیمانی سەروەریی بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر 3 بۆ 4 کورسی، هاوپەیمانی عەزم 1-2 کورسی، هاوپەیمانی حەدبای لایەنە شیعەکان 1- 2 کورسی و بزووتنەوەی بابلیونیش بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی کورسییەکی هێناوە.
دیارترین بەربژێرەکانی پارتی کە وەک دەرچوو ناویان دێت بریتین لە: فارس بریفکانی، ئەحمەد دووبەردانی، شێخ ئەحمەد کیکی، یەریڤان مەهدی.
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 26 کورسی پێکهاتووە لەگەڵ 3 کورسی کۆتای کریستیان، کوردانی ئێزدی و شەبەک.
ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگەی موسڵ 1,795,292 بوو، ژمارەی ئەوانەی دەنگیانداوە 967,435 کەس بووە و رێژەی دەنگدانیش 53٪ بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ