رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، پارێزگاکە بە بڕی 150 مێگاوات کورتهێنانی کارەبای هەیە و بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیەش، پلانێکی تۆکمەیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی وزەی خۆردا دەستپێکردووە.
رۆژی پێنجشەممە، 18-12-2025، رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ لە پەراوێزی بەسەرکردنەوەی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای کارگەی چیمەنتۆی بۆکان رایگەیاند، بۆ بنبڕکردنی کێشەی کەمیی کارەبا لە ساڵانی داهاتوودا، کار بۆ دروستکردنی وێستگەی نوێی وزەی خۆر دەکەن.
پارێزگاری ورمێ ئاماژەی بەوە کرد، لێکۆڵینەوەی سەرەتایی بۆ دابینکردنی چوار هەزار مێگاوات کارەبا لە رێگەی وزەی خۆرەوە لە پارێزگاکەدا کراوە و گوتیشی: "ئێستا کارکردن لەسەر پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی دوو هەزار مێگاوات کارەبا لەو رێگەیەوە دەستیپێکردووە."
رەزا رەحمانی لەبارەی کاتی تەواوبوونی پڕۆژەکان روونیکردەوە، تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵی هەتاوی، بەشێک لە پڕۆژەکان تەواو دەبن و 60 مێگاوات کارەبا دەخرێتە سەر تۆڕی نیشتمانی. تاوەکو ساڵی داهاتووش بڕی کارەبای بەرهەمهاتوو لە وزەی خۆر دەگاتە 120 مێگاوات، بەوەش کێشەی کورتهێنانی کارەبا لە پارێزگاکە بەرەو چارەسەری یەکجاری دەچێت.
ئەم هەوڵانەی پارێزگای ورمێ لە کاتێکدایە کە چەند ساڵێکە ئێران بەدەست قەیرانی کارەباوە دەناڵێنێت. هاوینی ئەم ساڵ بەهۆی کەمیی بەرهەمهێنانەوە، حکومەت ناچار بوو رۆژانە چەند کاژێرێک کارەبای ماڵان ببڕێت، هەروەها کارەبای کارگە و پیشەسازییەکانیش هەفتانە دوو بۆ سێ رۆژ دەبڕدرا.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ئێران پێویستی بە نزیکەی 96 هەزار مێگاوات کارەبایە، بەڵام لە وەرزی گەرمادا وڵاتەکە رووبەڕووی زیاتر لە 20 هەزار مێگاوات کورتهێنانی کارەبا دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ