وردەکاریی سووتانی هۆڵ و مارکێتی ئەکواپارک لە سلێمانی؛ 'دوو ملیۆن دۆلار زیانمان کردووە'

20-01-2023
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
 تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کاتی کوژرندنەوەی ئاگرەکە
تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە کاتی کوژرندنەوەی ئاگرەکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، ئاگر لە هۆڵ و مارکێتی ئەکواپارک لە سلێمانی کەوتەوە. لە ماوەی کاژێرێکدا ئاگرەکە گەورەبوو و، بەهۆیەوە هەردوو شوێنەکە بەتەواوی سووتان. خاوەنی هۆڵ و مارکێتەکە دەڵێن، زیانەکانیان نزیکەی دوو ملیۆن دۆلارە.
 
هۆڵ و مارکێتی ئەکواپارک دەکەوێتە گەڕەکی شەکرەکەی سلێمانی. عومەر محەممەد، شاهێدحاڵێکی رووداوەکەیە و دەڵێت، "لە مزگەوت دەهاتینەوە، ئاگر لەوسەرى هۆڵەکە بەرزببووەوە، شاگردەکان لە مزگەوت بوون."
 
شێخ عەتا محەممەد، جێگرى سەرۆکى یەکێتیى هاوردە و ناردنکاران باس لەوە دەکات، "ئەم مارکێتە بۆ خەڵکى ئەم گەڕەکە زۆر بەسوودبوو، هەموو شتێکی هەبوو، ئەمە نەک بۆ ئەوان، بەڵکو زیان بە هەموو گەڕەکەکە کەوتووە، بەڕاستی ئێمە زۆر زۆر پێمان ناخۆشە و ئەوەی بۆمان بکرێت بۆیان دەکەین."
 
رووداوەکە لە کاتی نوێژی هەینی دا بوو، لەو کاتەدا کارمەندەکان لەوێ نەبوون. تیمەکانى 10 بنکەى ئاگرکوژێنەوەى سلێمانى گەیشتنە شوێنى رووداوەکە و دوای ماوەیەک ئاگرەکە کوژێندرایەوە.
 
ئارام عەلی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی دەڵێت، "تیمەکانمان توانییان چەند میوانێک کە لە هۆتێلێکی پشتەوەی شوێنی ئاگرەکەبوون، رزگاربکەن."
 
سامان نادر، بەڕێوەبەرى فریاکەوتنى خێراى سلێمانى باسی لەوە کرد، لە رووداوەکەدا هیچ زیانێکی گیانی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە. خاوەنى هۆڵ و مارکێتەکەش بە بەرگریى شارستانییان گوتووە، "زیانەکانمان نزیکەى دوو ملیۆن دۆلارە."
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاى سلێمانى کە چووە شوێنی رووداوەکە، گوتی، "پێویستە خەڵک و خاوەن ماڵ و کاسبکاران بزانن کە کارەبا و ئاو و، ئەو جۆرە پێداویستییانە پێویستیان بەوەیە زوو زوو چاکبکرێنەوە و ئاگایان لێ بێت نەک تاوەکو کارەسات دروست نەبێت لێى نەپرسنەوە."
 
خاوەنى مارکێتەکە دەڵێت، ئاگرەکە لە هۆڵەکەى سەرەوە بووە، بەڵام خاوەنى هۆڵەکە دەڵێت، لە مارکێتەکەوە ئاگر کەوتووەتەوە.
 
ئاسۆ عوسمان، خاوەنى هۆڵى ئەکواپارک بە رووداوی گوت، "هۆڵەکە 80٪ـی سووتاوە، ئەوەی کە دەرچووبێت چەند کۆمپیوتەرێک و هۆکاری دەنگییە. ئەوانی دیکە هەمووی سووتاوە."
 
ئومێد عەبدوڵڵا، خاوەنى مارکێتى ئەکواپارک باسی لەوە کرد، "با هۆکارەکە بۆ لێکۆڵینەوەى پۆلیس جێبهێڵین، بەڵام کارمەندى ئێمە لە مزگەوت بوون و کارەباى موەلیدە و گشتیشمان کوژاندبووەوە و هیچ کەسێکی لێ نەبووە."
 
بنکەى پۆلیسى سەرچنار بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو دوو گومانە، پەڕاوى لێکۆڵینەوەی کردووەتەوە. بەهۆى دووکەڵی ئاگرەکەوە، دوو کارمەندى تیمەکەکان بەرگریی شارستانی تووشى تەنگەنەفەسى بوون، یەکێکیشیان سەرى برینداربووە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دادگەی چاغلایانی لە ئیستەنبووڵ

14 یاریزان لە تورکیا دەستگیرکران

کێشەی گرەوکردن لەنێو خولی تۆپی پێی تورکیا قووڵتر دەبێتەوە، 29 کەسی دیکە دەستگیرکران، لە نێویاندا سەرۆکی پێشووی یانەیەکی بەنێوبانگ و چەندین یاریزانی خولە جیاوازەکان هەن.