رووداو دیجیتاڵ
لە شەممەی رابردووەوە بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندی گۆمەسپان، رێگەی هەولێر - گۆمەسپان داخراوە و بەڕێوەبەری رێگەوبانی هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئەمڕۆ رێگەکە نەکراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 20-01-2024، عیماد محەممەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ رێگەی گۆمەسپان - هەولێر داخراوە و نەکراوەتەوە".
شەممەی رابردوو، 13ـی مانگ، بەڕێوەبەرایەتیی چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "زۆری بارانبارین لە سنوورەکە بووە هۆکاری گلدانەوەی ئاوێکی زۆر لە بەنداوی دەربەندی گۆمەسپان؛ هۆشداری دەدەینە شوفێران ئەم رێگەیە دادەخرێت بۆ ماوەیەکی کاتی".
تاوەکو ئەمڕۆ هیچ کاتێک دیارینەکراوە بۆ کردنەوەی رێگەکە، سەرچاوەیەکی باڵا لە کارگێڕیی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ شەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "رێگەکە بەشێوەی کاتی داخراوە؛ هەروەها رێگەیەکی نوێش وەکو جێگرەوە دروست دەکرێت".
رێگەی گۆمەسپان – هەولێر بە یەکێک لەو رێگە سەرەکییانە دادەنرێت، کە هاونیشتمانیانی بەشێکی شارەکان پێیدا دێنە هەولێر و بەپێچەوانەوە، هەر کەسێک ئەو رێگەیەی پێویست بێت دەبێت رێگەی جێگرەوە بەکاربهێنێت. بۆ نموونە، ئەگەر لە سلێمانییەوە بێت دەبێت لە سماقووڵییەوە نەیەت و لە کۆیەوە بێتە هەولێر؛ ئەوانەشی لە بناری سەفینەوە دەیانەوێت بچنە هەولێر، دەبێت تونێلی پیرمام بەکاربهێنن؛ ئەوانەش لە رانیەوە دێن رێگەی شەقڵاوە بەکاربهێنن.
بەنداوی گۆمەسپان قووڵییەکەی 70 مەتر و درێژییەکەشی 512 مەترە و دەتوانێت 115 ملیۆن مەتر سێجا ئاو کۆبکاتەوە؛ ئەم ساڵ بۆ یەکەم جارە ئاوی تێدا گل دەدرێتەوە.
بەنداوی گۆمەسپان لەسەر رووبەری 6 ملیۆن و 125 هەزار مەتر دووجا بە تێچووی 95 ملیار دینار دروست دەکرێت؛ پڕۆژەکە بە دووری 35 کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژھەڵاتی شاری ھەولێر و تاوەکو ئەمڕۆ تەواوی کارەکانی تەواو نەکراوە و بە فەرمی نەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ