بڕیارە ئەمڕۆ عەرەب، تورکمان و پارتی لەبارەی کەرکووک لە هەولێر کۆببنەوە

20-02-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەفی وەتەنی رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی عەرەب، تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک کۆدەبنەوە.
 
ئیسماعیل حەدیدی، ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەفی وەتەنی، کە پارتێکی عەرەبی سوننەیە، رۆژی سێشەممە، 20ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە شاندێکی عەرەب و تورکمان سەردانی هەولێر بکەن لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە، بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک".
 
بەگوتەی ئیسماعیل حەدیدی، "لیژنەیەک لە نێوان عەرەب و تورکمان و کورد پێکهێنراوە، لیژنەکە لە پارتی و عەرەب و تورکمان پێکهاتووە، ئەمڕۆ ئەو لیژنەیە کۆدەبنەوە".
 
حەدیدی بێ ئاگایی خۆی دەربڕی کە یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدارە، یاخود نا، بەڵام گوتی: "دەبێ یەکێتی بەشداربێت، چونکە یەکێتی و پارتی لەسەر ئەوە رێککەوتن کە یەک کوتلە بن".
 
سەبارەت بە پۆستی پارێزگاریی کەرکووک، ئەمینداری گشتیی پارتی هەدەفی وەتەنی گوتی: "هەمووان چاویان لە پۆستی پارێزگاری کەرکووکە، هیچ بوارێک نییە تەنیا ئەوە نەبێت کە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت، پێیویستە لەسەر کەسێکی کەرکووکی یەکلارەوە رێکبکەون، بەبێ لەبەرچاوگرتنی نەتەوە. کەرکووکیش پڕە لە کەسایەتی رێزداری کوردی، عەرەبی، تورکمانی بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار وەربگرێت".
 
رۆژی 18 کانوونی یەکەمی 2023 دوای 18 ساڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە کەرکووک کرا.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 15  کورسی لەگەڵ کورسییەکی کۆتای کریستیان پێکهاتووە، بۆ دانانی پارێزگار و دروستکردنی حکومەتی خۆجێیی کەرکووک لە 16 کورسی نیوە +1ـی پێویستە، واتا 9 کورسی؛ تائێستا هیچ لایەنێک نەیتوانیوە ئەو ژمارەیە کۆبکاتەوە.   
 
ماردین گۆک کایە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراق، رۆژی سێشەممە، 20ی شوباتی 2024، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تائێستا هیچ پێشڤەچوونێک لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک نییە، هیچ بڕیارێکیش نییە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی بەرەی تورکمانی و لایەنە عەرەبییەکان و پارتی دیموکراتی کوردستان هەبێت. بەڵام قسە هەیە ئەمڕۆ هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکنەهێنانی حکومەتی خۆجێی کەرکووک."
 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانیی عێراق، هەڵوەشانەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگای کەرکووک رەتدەکاتەوە و جەخت لەوەدەکاتەوە، دەبێت هەموو لایەنەکانی کەرکووک رێکبکەون و نابێت هیچ لایەنێک پەراوێزبخرێت، پێیوایە "باشترین چارەسەر ئەوەیە پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە خول لە نێوان کورد، عەرەب و تورکمان، هەر پێکهاتەیەک 16 مانگ پارێزگاری کەرکووک بێت". 
 
لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، یەکێتی 5 کورسی و پارتی 2 کورسی و کورسییەکەی کریستان نزیکە لە یەکێتی 8 کورسیان هەیە، لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان 8 کورسین، لایەنە عەرەبییەکان 6 کورسیان هەیە، کە هاوپەیمانیی عەرەبی 3 کورسی، هاوپەیمانیی عرووبە کورسییەک و هاوپەیمانیی قیادە 2 کورسی، هەروەها تورکمان 2 کورسیی هەیە. 
 
عەلی قەڵایی، بەرپرسی سەنتەری هەڵبژاردنی کەرکووک سەلاحەدینی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رۆژی سێشەممە، 20ی شوباتی 2024  بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "زانیاری هەیە کە ئەمڕۆ عەرەب و تورکمان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببنەوە".
 
هەروەها گوتی، بەپێی بەرکەوتەی هەڵبژاردنی پۆستی پارێزگاری کەرکووک بۆ کورد و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانە، لایەنە عەرەبییەکان هەوڵدەدەن پۆستی پارێزگاری بۆ ئەوان بێت و تورکمان داوا دەکات بە خولی بێت لەنێوان هەر سێ پێکهاتەکە.
 
بە گوتەی عەلی قەڵایی، "هەوڵێک هەیە رۆژی چوارشەممە نوێنەرانی  کورد و عەرەب و تورکمان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی چارەسەرکردنی پرسی پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک کۆببنەوە". 
 
هەر لەوبارەوە، نەجوا کاکەیی، پەرلەمانتاری کەرکووک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تائێستا رێککەوتن نەکراوە و بابەتە هەڵپەسێردراوە. دەستپێشخەریی و گفتوگۆ هەیە و بەردەوامە"، هاوکات بێ ئاگایی خۆی دەربڕی کە ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان پارتی و عەرەب و تورکمان بکرێت.
 
تائێستا ئەنجوومەنەکە نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوە بکات. لەسەر بانگهێشتی پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت، دەبووایە رۆژی 5ی شوباتی2024  یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک بەڕێوەبچێت، بەڵام لایەنی تورکمان و عەرەب ئامادەی کۆبوونەوە نەبوون.
 
لە پاش نەهاتنی ئەندامانی فراکسیۆنەکانی عەرەبی و تورکمانی، فراکسیۆنە کوردییەکان و ئەندامەکەی کۆتای کریستیان نووسراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "ئەمڕۆ 8 ئەندام لە کۆی 15 ئەندام کە رێکارە یاساییەکانیان تەواو کردووە، لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئامادەبووین و ئەوەش رێژەی یاسایی تەواو نەکرد".
 
لە خوارەوەی نووسراوەکەدا، پێنج ئەندامی ئەنجوومەن لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، دوو ئەندام لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامەکەی مەسیحی واژۆیان کرد.
 
چەند سیناریۆیەک بۆ پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگا باس دەکرێت دیارترینیان، یەکەم هاوپەیمانیی عەرەبی، قیادە و تورکمان لەگەڵ پارتی رێکبکەون، کە کۆی کورسییەکانیان دەگاتە نۆ کورسی، دووەم هەریەک لە یەکێتی، کورسییەکی کۆتای مەسیحی، عرووبە و بەرەی تورکمانی، کە کۆی کورسییەکانیان دەگاتە نۆ کورسی و ئیدارەی پارێزگا بەڕێوەببەن، بەمەش پۆستی پارێزگار بەشێوەی دەوری لەدەستیان ئاڵوگۆڕی پێبکەن.
 
یەکێک لە سیناریۆکان بە رێککەوتنی پێکهاتەکان پۆستی پارێزگار و ئەنجوومەن بە خول بێت لە نێوان کورد و عەرەب و تورکمان.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.