رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا ژمارەى لیژنەکانى بۆ نزیکەی نیوە کەمدەکاتەوە، دواتر بەدەنگدان سەرۆکى لیژنەکان یەکلادەکاتەوە کە بەگوێرەى کورسیی لایەنەکان دابەش دەکرێن.
رۆژی 20ى شوباتى 2024، محەممەد کاکەیی، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە فراکسیۆنى هاوپەیمانیى ئەهلى نەینەوا (یەکێتى) بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "بڕیارە رۆژى 22ى شوباتی 2024 ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا کۆببێتەوە و یەکێک لە ئەجێنداى کارەکانى کەمکردنەوەى ژمارەى لیژنەکانى ئەنجوومەنە."
محەممەد کاکەیی گوتیشى: "ژمارەى لیژنەکان لە 24ـەوە کەم دەکرێنەوە بۆ 13 لیژنە، هەندێک لیژنە لادەبرێن و هەندێکى دیکە تێکەڵ دەکرێن".
ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا لە 29 کورسی پێکدێت، لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق کە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 کرا، هاوپەیمانى نەینەوا لیئەهلیها وەک لیستى یەکەم پێنج کورسی بەدەستهێنا، لیستى پارتى چوار کورسی و هاوپەیمانیی ئەهلى نەینەوا کە یەکێتى پێکھێنەرى سەرەکیی بوو، دوو کورسی بەدەستهێنا.
محەممەد کاکەیی رایگەیاند، لە دواى کەمکردنەوەى لیژنەکان، لە کۆبوونەوەیەکى دیکەى ئەنجوومەنى پارێزگا دەنگ بە سەرۆکى لیژنەکان دەدرێت کە بەگوێرەى کورسیی لایەنەکان دابەش دەکرێن و وەک یەکێتى سەرۆکى لیژنەیەک و ئەندامێتیی دوو لیژنەیان پێدەدرێت.
کارى لیژنەکان بەدواداچوونى ئەو پرسانەیە کە پەیوەندیدارن بە تایبەتمەندیى لیژنەکان و وەک لایەنى چاودێری حکومەتى خۆجێیی کاردەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ