کوردستان
تیمێکی شارەوانیی گەرمیان بەربەست دروستدەکەن بۆ رێگری لە لافاو لە پردی سەرقەڵا و ناحیەکانی ئاوەسپی و نەوجول
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بارانی دوو رۆژی رابردوو و دروستبوونی لافاو لە چەم و دۆڵەکان، رێگەیەکی ناحیەی سەرقەڵا داخراوە کە رێگەی چەند گوندێک و دوو ناحیەی دیکەی لەسەرە. بەڕێوەبەری ناحیەکە دەڵێت، ئەمڕۆ چاکدەکرێتەوە و رێگەی جێگرەوەش هەیە.
ئەو شوێنەی ئەمڕۆ بەهۆی لافاوەوە تێکچووە، پێشتر پردێکی هەبووە و پردەکە مانگی رابردوو بەهۆی بارانەوە تێکچوو و بەکارنەهێندرا، لە نزیک پردەکە رێگەیەکی جێگرەوە دروستکرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەهۆی زۆریی بارانبارینەوە رێگە جێگرەوەکەش تێکچوو.
تەها ئیبراهیم، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رێگەکە ژمارەیەک گوندی لەسەرە و رێگەی نێوان ناحیەکەیان و ناحیەکانی نەوجول و ئاوەسپییە و ئەمڕۆ چاکی دەکەنەوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا ئاماژەی بەوە کرد، رێگەی قیرتاوکراوی جێگیرەوە هەیە بۆ بەکارهێنان، بەڵام ئەو رێگەیەی تێکچووە چەند خوولەکێک نزیکترە و شۆفێران زیاتر بەکاریدەهێنن.
بارانی دوو رۆژی رابردوو زیانی گیانی و مادیی لە هەرێمی کوردستان لێکەوتەوە، بەتایبەت لە سنووری دهۆک. ئەمڕۆ چوارشەممە ژوورى ئۆپەراسیۆن و بەڕێوەبردنى قەیران و کارەساتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە دهۆک بەهۆی لافاوەوە سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 11 کەسیش بریندار بوون؛ هەروەها 160 خانوو و 50 ئۆتۆمبێل لە دهۆک زیانیان بەرکەوتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ