دوو رۆژ کات ماوە و هیچ حیزبێک ناوی بەربژێرەکانی نەبردووەتە لقی هەولێری کۆمیسیۆن

20-03-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تەنیا دوو رۆژ کات ماوە بۆ حیزبەکان کە لیستی ناوی بەربژێرەکانیان بدەنە لقەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ حیزبێک لیستی ناوی بەربژێرەکانی نەداوەتە لقی هەولێری کۆمیسیۆن.
 
13ی ئادار، دەرگەی تۆمارکردنی ناوی حیزب و لیستی بەربژێرەکانیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە، رۆژی هەینی 22ی مانگیش دوایین رۆژە بۆ گەڕاندنەوەی ناوی بەربژێری لیستی حیزبەکان.
 
فەرهاد ئەسعەد شێتنە، بەرپرسی هۆبەی لایەنە سیاسییەکان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ هیچ لایەنێک ناوی بەربژێرەکانی نەهێناوە."
 
هەموو حیزبەکان پێش بڕیاری پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لقەکانی کۆمیسیۆنیان کردووە و کۆدی بەشدارییان وەرگرتووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ لیستەکانیان نەگەڕاندووەتەوە و ناوی بەربژێرەکانیان ئاشکرا نەکردووە.
 
نەگەڕانەوەی لیستی بەربژێرەکان لە کاتێکدایە، تاوەکو ئەمڕۆ هیچ بڕیارێک بۆ درێژکردنەوەی ماوەی وەرگرتنەوەی فۆڕمەکە نەدراوە.
 
بۆ پێدانی لیستی ناوی بەربژێرەکان بە کۆمیسیۆن، دەبێت هەر حیزبێک لە بازنەکەی خۆیدا بچێتە لقی کۆمیسیۆن و کۆد وەربگرێت بۆئەوەی بتوانێت بە ئۆنلاین فۆڕمەکە پڕبکاتەوە، هەر فۆڕمێکیش پڕکرایەوە راستەوخۆ دەچێتە بەغدا، بەڵام حیزب یان بەربژێرەکە کۆپییەکی بە چاپ رادەستی لقەکەی کۆمیسیۆن دەکات، دوای لێکۆڵینەوە لە مەرجەکان و دڵنیابوون لەوەی مەرجەکانی تێدایە، لقەکەی کۆمیسیۆن بەڵگەنامەکانی بە فەرمی لێ وەردەگرێت.
 
نەگەڕانەوەی لیستی ناوی بەربژێرەکان لە کاتێکدایە، 18ی ئەم مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتیی مێژوویی، لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین کە بەشداریی هەڵبژاردنێکی بە نایاسایی و نادەستووری و لە سایەی سیستمێکی سەپێندراودا بەڕێوەبچێت، نەکەین."
 
راگەیێندراوەکەی پارتی لە شەش خاڵ پێکهاتووە و لە بەشێکیدا هاتووە، "بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵی، درێژەی ئەو زنجیرە بڕیارە نادەستووریانەیە کە لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا بەرامبەر هەرێمی کوردستان دراون و پێشێلكارییەکی زەق و مەترسیداری دەستوورە بۆ لەباربردنی سیستمی دیموكراسیی هەرێمی کوردستان."
 
دوای بڕیارەکەی پارتی، هەریەکە لە یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان رایانگەیاند، ئەوان لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندان لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
 
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 10ی حوزەیرانی داهاتوو بکرێت. هەڵبژاردنەکە بێ کورسیی کۆتای پێکھاتەکان دەبێت کە پێنج کورسی بۆ کریستیانەکان، پێنج بۆ تورکمان و کورسیەکی دیکەیان بۆ ئەرمەن بوو، بەڵام لە 21ی شووبات دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بڕیاریدا بە نەهێشتنی کورسیی کۆتاکان.
 
پێشتر 15 پارتی کریستیان لە دوو راگەیێندراوی جیادا بایکۆتکردنی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستانیان راگەیاند و ئاماژەیان بەوەدا، ئەو هەڵوێستەیان وەک رەتکردنەوەی ئەو دیفاکتۆیەیە کە سەپێندراوە بەسەر کریستیانەکان لە رێگەی بڕیاری دادگەی فیدراڵی و هەموارنەکردنی یاسای هەڵبژاردن و تایبەتنەکردنی دەنگدان لەنێو پێکهاتەکەدا.
 
هەروەها لە 12ـی ئاداردا 10 حیزب و لایەنی تورکمانیی هەرێمی کوردستان بە هەمان هۆکار بایکۆتی هەڵبژاردنەکەیان کرد و رایانگەیاند، "تاوەکو ئەو کاتەی ستەمی کۆتای پێکهاتەکان هەڵدەگیرێت، بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن."
 
3ی ئادار، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان 10ـی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.