رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارتەکان و بەربژێرە تاکەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان درێژدەکاتەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 20ی ئاداری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاریدا وادەی وەرگرتنی لیستی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارتەکان و بەربژێرە تاکەکان، کە دەیانەوێت بەشداری هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی کوردستانی عێراق بکەن لە 22ی مانگەوە تاوەکو کۆتایی دەوامی فەرمی رۆژی پێنجشەممە 28ی ئاداری 2024 درێژ بکرێتەوە."
ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن لە کاتێکدان، 3ی ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێک 10ی حوزەیرانی ئەم ساڵی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرد.
لە خولی پێشوودا پەرلەمانی کوردستان 111 کورسیی هەبوو کە 11یان کۆتای پێکهاتەکان بوون.
لەم هەڵبژاردنەدا بەگوێرەی فەرمانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کە 21ی شوباتی 2024 دەریکرد، کورسی پێکهاتەکانی بە "نادەستووری" پێناسە کرد. بەگوێرەی ئەو بڕیارە، هەڵبژاردنی ئەمجارە 100 کورسی دەبێت و کۆتای پێکهاتەکانی تێدا نامێنێت.
هەروەها ئەم هەڵبژاردنە جیا لە پێشتر بە چوار بازنە دەبێت و دەنگدەری پارێزگایەک ناتوانێت دەنگ بە بەربژێری پارێزگایەکی بەدەر لە پارێزگاکەی خۆی بدات.
100 کورسییەکەی پەرلەمان بەمشێوەیە دابەشی سەر بازنەکان لە پارێزگاکاندا کراوە:
سلێمانی 38 کورسی
هەولێر 34 کورسی
دهۆک 25 کورسی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ